بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لە عێراق ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە

K24 - هەولێر

سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە عێراقیەکان بەو ساڵانەی دوایی لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی ڕازی بوون، بەتایبەت دوای ئەوەی 800 هەزار فەرمانبەری لەکەرتی گشتی دامەزراند، بەڵام ئەمجارە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق کە ڕۆژی سێشەممە دەرچووە، بووەتە هۆی توڕەکردنی عێراقییەکان، ئەویش بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنییە.

حکوومەتی عێراق نرخی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلی بەرزکردەوە کە نرخی یەک لیتر بەنزینی "موحەسەن"ـی لە 650 دینارەوە کردە 850 دینار، هەروەها یەک لیتر بەنزینی "سوپەر"ـی لە 1000 دینارەوە کردە 1250 دینار، هاوکات بڕیارەکەش لە سەرەتایی مانگی ئایارەوە جێبەجێدەکرێت.

لەهەمان کاتدا حکوومەتی عێراق بۆ هاوکاری کردنی خەڵکی کەمداهات و ئۆتۆمبێلەکانی کرێ نرخی بەنزینی نۆرماڵی وەکو خۆی هێشتەوە کە یەک لیتری بە 450 دینارە، بەڵام ئەو بڕیارە نەبووە هۆی دامرکاندنەوەی توڕەیی خەڵک.

ژمارەیەکی زۆر کەم لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی کرێ بەنزینی نۆرماڵ بەکاردێنن، بەڵام هاووڵاتیانی دیکە هەموویان بەنزینی موحەسەن بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاردێنن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی خراپی کواڵێتی بەنزینی نۆرماڵ کە کاریگەری لەسەر بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکان هەیە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، سزای دارایی "کامێرای زیرەک" لە هەندێک لە چوار ڕیانەکانی هاتووچۆ لە بەغدا، بووە هۆی توڕەیی و ناڕەزایی زیاتری خەڵک.

چاودێران دەڵێن: توڕەیی خەڵک زۆرجار دەبێتە هۆی هەڵنەبژاردنەوەی سەرۆکوەزیران، ئەمەش مانای ئەوەیە کە سوودانی دەتوانێت بڕیارەکەی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی پێچەوانە بکاتەوە.

سەبارەت بە بڕیاری بەرزکردنەوەی بڕیارەکە، ڕۆژنامەنووس، قاسم سینجەری، گوتی: "سوودانی نرخی بەنزینی بەرز نەکردەوە، بەڵکو سووتەمەنییان بەسەر حکوومەتەکەیدا کرد و سووتاندیان."

هۆکارەکانی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لەلایەن حکوومەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو پاڵەپستۆیەی هاتووچۆیە کە لەسەر شەقامەکانی بەغدا هەیە، شارەزایان پێیانوابوو، هۆکاری ئەو بڕیارە پەیوەندی بەو زیانانە هەیە کە وڵات لە ئەنجامی پاڵپشتیکردنی نرخی سووتەمەنی تووشی بووە.

بوگوتەی هەندێک لە پسپۆڕان، عێراق دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانە بکشێتەوە کە بارگرانی لەسەر ئابوورییەکەی دروستکردووە، کە لە ئێستادا بارگرانییەکی زۆری لەسەرە و بە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

 مامۆستا نەبیل ئەلمەرسومی، پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی بەسرە ڕایگەیاند، "نرخی هاوردەکردنی بەنزینی موحەسەن لە ساڵی 2022 یەکسانە بە هەزار و 700 دینار بۆ هەر لیترێک، هەروەها تێچووی هاوردەکردنی بەنزینی نۆرماڵ بە 900 دینار بووە بۆ هەر لیترێک"، ئاماژە بەوەشدەکات، کە وڵات بۆ هەر لیترێکی موحەسەن 1050 دینار زیان دەکات، بۆ هەر لیترێکی بەنزینی نۆرماڵ 450 دینار زیان دەکات، هەروەها لیترێک سووتەمەنی نۆرماڵ بە 450 دینار بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت.

 

 ئەلمەرسومی دەشڵێت: "نرخی بەنزین پەیوەندییەکی زۆری بە نرخی نەوتی خاوەوە هەیە، لەساڵی 2021 نرخی لیترێک بەنزینی موحەسەن گەیشتە نزیکەی هەزار دینار، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی عێراق ساڵانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار زیانی پێبگات بەهۆی نرخی پاڵپشتیکراو.