بەتاڵیۆنی ژینگەپارێزی بارزان35 ساڵە چەکیان بۆ ئاژەڵە کێوییەکان کردووەتە کانیاو

لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی دەڤەری بارزان، پێشمەرگەکانی بەتاڵیۆنی ژینگەپارێزی رۆژانە رێگای دوور و هەوراز دەبڕن، چەکی ئەوان فیشەک و تۆپ نییە، بەڵکو کەرەستەی بیناسازی و ئاوە کە بەسەر پشتی وڵاخەکانەوە دەیگوازنەوە بۆ سەر لووتکەی شاخەکان، تاوەکو ژینگەی ناوچەکە و ئاژەڵە کێوییەکان لە تینوێتی و لەناوچوون بپارێزن.

زیاتر لە 35 ساڵە ئەم پێشمەرگانە بەبێ پشوودان سەرقاڵی پاراستنی دارستان و ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکەن. ئەرکی ئەوان شەڕ و بەرەکانی جەنگ نییە، بەڵکو خزمەتکردنی سروشتە. کاتێک بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییەوە کانی و سەرچاوە ئاوییەکانی نێو

شاخەکان وشک دەبن، ژینگەپارێزان ئاو دەگەیەننە دڵی شاخ و دۆڵەکان بۆ ئەوەی گیاندارە کێوییەکان ناچار نەبن بۆ دۆزینەوەی ئاو بێنە خوارەوە و تووشی مەترسیی ڕاوکردن، رووداوی هاتوچۆ یان خنکان لە رووبارەکاندا نەبن.

پاراستنی ژینگە لە بارزان تەنیا ئەرکێکی فەرمی نییە، بەڵکو پەیڕەوکردنی ڕێباز و فەرمانێکی دێرینە؛ زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لەلایەن شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە فەرمانی قەدەغەکردنی ڕاوکردن و پاراستنی ژینگە دراوە، دواتریش لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە وەک بنەمایەکی جێگیری ژیان چەسپێنراوە و نەوە دوای نەوە وەک کولتوورێک ماوەتەوە.

لەو بارەیەوە، سدیق حەسەن، گوتەبێژی بەتاڵیۆنی ژینگەی مێرگەسۆر بە کوردستان24ـی راگەیاند "پاراستنی ژینگە لە بارزان بووەتە بابەتێکی ڕۆحی و خوداپەرستی و بەشێکە لە کولتووری خەڵک. هاووڵاتییانی ناوچەکە هۆشیارییەکی تەواویان هەیە و هەمیشە هاوکارمانن، کاتێک باڵندەیەک یان ئاژەڵێکی بریندار دەبینن، دەستبەجێ پەیوەندیمان پێوە دەکەن."

ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و لەسەر ئەرکی بەرپرسانی ناوچەکە، زیاتر لە 22 حەوز و کۆڵی ئاو لە دڵی شاخەکان دروست کراون تاوەکو ئاژەڵە کێوییەکان تینوو نەبن. ژینگەپارێزان کاتژمێران بە پێ بەناو شاخ و کێوەکاندا دەڕۆن، بە کەرەستەی چیمەنتۆ و شیش حەوزی تایبەت دروست دەکەن و لە رێگەی بۆڕییەوە ئاو لە سەرچاوە دوورەدەستەکانەوە بۆ ئەم حەوزانە ڕادەکێشن.

جەنگەر عەلی، پێشمەرگە لە بەتاڵیۆنی ژینگە باسی لە گرنگیی ئەم پڕۆژانە کرد و گوتی "لە وەرزی هاوین و پاییزدا ئاو کەم دەبێتەوە، ئاژەڵەکان ناچار دەبوون بۆ ئاوخواردنەوە بچنە خوارەوە بۆ لای ڕووبار و جادەکان، بەهۆیەوە زۆرجار دەکەوتنە نێو ڕووبار دەخنکان یان ئۆتۆمبێل لێی دەدان، بۆیە ئەم حەوز و کۆڵانەمان لە سەختیی شاخەکان دروست کرد تا لە نزیکی خۆیان ئاویان دەستبکەوێت و لە مەترسی دووربن."

کامێراکانی چاودێریی ژینگەپارێزان لە شەو و رۆژدا تۆماریان کردووە کە چۆن پۆل پۆل بزنەکێوی، کەڵەکێوی، ورچ، بەراز و دەیان جۆری باڵندەی کێوی روو لەم حەوز و سەرچاوانە دەکەن بۆ ئاوخواردنەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی قەدەخەکردنی راوکردن، دابینکردنی ئاو لە وەرزی بێئاویدا و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنماییە ژینگەییەکانەوە، ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان لە دەڤەری بارزان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو سێ هێندە زیادی کردووە و ناوچەکە بووەتە پەناگەیەکی هێمن و ئارام بۆ کێویترین ئاژەڵەکانی کوردستان و ناوچەکە.