زەیدی فەرمانی زیادکردنی پشکی کارەبای نیشتمانی بۆ کەرکووک دەرکرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە زیادکردنی پشکی پارێزگای کەرکووک لە کارەبا و سووتەمەنی، هەروەها داوای کرد پەلە بکرێت لە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار لە رێگەی رێککەوتنی نێوان پێکهاتەکان و، رەوانەکردنی دۆسیەی سەرپێچیی مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ دەستەی دەستپاکی.

سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دۆخی گشتی، پێشهاتە ئیدارییەکان، کێشە خزمەتگوزارییەکان و رەوشی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک.

نووسینگەی راگەیاندنی زەیدی، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری، وەزیرانی ناوخۆ و داد، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.

زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا، فەرمانی کرد بە زیادکردنی پشکی پارێزگای کەرکووک لە وزەی کارەبای نیشتمانی، بە شێوازێک کە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەرز بکاتەوە و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک دابین بکات.

هاوکات فەرمانی کرد بە زیادکردنی بڕی سووتەمەنیی تەرخانکراو بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کارکردنیان و پڕکردنەوەی کەمکورتییەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری لە پارێزگاکەدا کردەوە، بە جۆرێک کە پرۆسەکە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی هاوبەشی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کەرکووک بێت، تا ببێتە مایەی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

لە روانگەی پاراستنی ئارامی و سەقامگیرییەوە، زەیدی فەرماندەییی ئۆپراسیۆنەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی پارێزگای کەرکووکی راسپارد کە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چەسپاندنی ئاسایش.

 هاوکات جەختی کردەوە لەسەر مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا تەنیا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکاندا، بە شێوەیەک کە مافی خۆپیشاندەران پارێزراو بێت و رێگری لە زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بکرێت.

سەبارەت بە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان، زەیدی بڕیاری دا بە رەوانەکردنی تەواوی ئەم دۆسیەیە بۆ دەستەی دەستپاکی، بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە سەرپێچییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، دووپاتی کردەوە، کە پێویستە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بکرێت، هەروەها هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری و بەدەنگەوەهاتنی داواکارییە رەواکانی دانیشتووانی کەرکووک، لە پێناو مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کاری فەرمانگەکان و پتەوکردنی سەقامگیری لە پارێزگاکەدا.

کێشەی کەمیی کارەبا لە پارێزگای کەرکووک یەکێکە لە گرفتە بەردەوامەکان، بەتایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ 18 هەزار دینار، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە چەند گەڕەکێکی شارەکە سەری هەڵدا.