بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا سوود بە سێکتەرەکانی پیشەسازی و بازرگانی دەگەیەنێت
K24 - سلێمانی:
بڕیارەكانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بۆ لێخۆشبوونی 20%ـی قەرزی كەڵەكەبووی كارەبا و ئاو كاریگەری راستەخۆی لەسەر سێكتەرە جیاوازكان دەبێت و گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی كارەبا لە لێدوانێكی بۆ كوردستان24 رایگەیاند: لە سێكتەرە جیاوازەكاندا بەبری زیاتر لە پێنج ملیار دینار قەرزی كارەبا لەلایەن هاووڵاتییانە و ئەم بڕیارە هاندانێکە بۆ پێدانەوەی قەرزە كەڵەكەبووەكان.
ئارام دابان، بازرگانێکی شاری سلێمانییە و لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاند، کارگەکان و خاوەن پیشەکان کە قەرزێکی زۆری کارەبایان لەسەر کۆبووەتەوە و توانای دانەوەیان نەبووە، دەتوانن لەم بڕیارە زیاتر سوودمەند بن و ئاسانکارییان بۆ دەکات و داواشی کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاندانی زیاتری کاسبکاران و پیشەوەران، نرخی کرێی کارەبا هەرزان بکات.
لەلایەن خۆیەوە، سیروان محەممەد، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، ئەزموونی رابردوویان هەیە کە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی هاووڵاتییان سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەیە و هاندانێکی باشە بۆ سێکتەرەکانی پیشەسازی و بازرگانی کە قەرزەکانیان بدەنەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵی رابردوو، دووجار لێخۆشبوونی بڕیاری لێخۆشبوونی بە رێژەی 15% بۆ قەرزی کارەبای نیشتمانی دەرکرد و تێیدا زۆرێک لە هاووڵاتییان و شوێنە پیشەسازیەکان توانیان لێی سوودمەندبن.
بەپێ دواهەمین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کارەبا تاوەکو مانگی دووی ئەمساڵ، هاووڵاتییان و پیشەوەران و دامودەزگا حکومییەکان، زیاتر لە پێنج ملیار دینار پارەی کارەبا قەرزاری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانین.
دوای کۆبوونەوەی رۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە رێژەی 20% داشکاندن لە قەرزە کەڵەکەبووەکان لە باج و سزای پێبژاردنی هاتوچۆ و ئاو و کارەبا بکەن، لەگەڵ لێخۆشبوونی تەواو لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان. لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بە پاساوی جۆراوجۆر شایستە داراییەکانی هەرێم وەک ئەوەی لە بودجەدا هاتووە نانێرێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر بژێوی هاووڵاتییان هەبووە، بۆیە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سۆنگەی سوککردنی باری سەر شانی هاووڵاتییانە لەو دۆخەدا.