ئەمەریکا پێشوازیی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فەڵەستین دەکات
K24- هەولێر
بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاسۆشیێتد پرێس، ئەمەریکا پێشوازیی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فەڵەستین دەکات. ئەمەش ئاماژەیە کە ئەمەریکا پێکهاتەی کابینەی نوێی حکوومەت وەک هەنگاوێک بەرەو چاکسازیی سیاسی لە فەڵەستین پەسەند کردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی ڕاشیگەیاندوووە، ئیدارەی بایدن داوای "بوژاندنەوەی" دەسەڵاتی فەڵەستینی کردووە لە کەناری ڕۆژئاوا، بەو هیوایەی کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، بتوانێت کەرتی غەززەش بەڕێوە ببات.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکە، ئاژانسی هەوالی ئاسۆشییەتد پرێس لە بەیاننامەیەکدا، درەنگانی ڕۆژی هەینی بڵاوبۆتەوە، ڕایگەیاندووە کە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماتیۆ میلەر، گوتوویەتی: ئەمەریکا بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنە لەگەڵ کابینە نوێیەکەی حکوومەتی نوێی فەڵەستین "بۆ بەدەستهێنانی چاکسازییە باوەڕپێکراوەکان".
ئاژانسەکە لەسەر زاری میلەر نووسیویەتی، "حکوومەتێکی فەڵەستینیی زیندوو، زۆر گرنگە بۆ گەلی فەڵەستین لە و کەناری ڕۆژئاوا و غەززە، هەروەها پڕبایەخیشە بۆ دامەزراندنی هەلومەرجی سەقامگیریی لە ناوچەکە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر."
ئاژانسەکە ئەمەشی ڕوونکردۆتەوە، کە سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا بەڕێوە دەبات، نزیکەی دوو دەیەیە هەڵبژاردنی نەکردووە.
ئەمەش باس کراوە کە ئەمەریکا دەسەڵاتی فەڵەستین، وەک بەشێکی سەرەکیی لە پلانە پەسەندکراوەکانی خۆی بۆ غەززەی دوای جەنگ دەبینێت. بەڵام ئەم دەسەڵاتە پشتیوانییەکی جەماوەری و شەرعییەتێکی کەمی لەنێو فەڵەستینییەکان هەیە. بەهۆی هاوکارییە ئەمنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا، بەشێک لە فەڵەستینییەکان ئەم دەسەڵاتەی وەک بەڵێندەرێکی لاوەکی داگیرکارییەکە سەیر دەکەن.
سەرەتای ئەم مانگە، عەباس پەیوەندی بە محەمەد مستەفا، ئابووریناسێکی ئەمەریکاوە کرد بۆ ئەوەی ئەرکی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فەڵەستین لەئەستۆ بگرێت، ڕۆژی پێنجشەممە، مستەفا ناوی کابینە نوێیەکەی حکوومەتی فەڵەستینی ڕاگەیاند.
ئاژانسەکە ئەوەشی نووسیووە، کە ئەم کابینەیە چەندین تەکنۆکراتی تاڕادەیەک نەناسراو لەخۆدەگرێت، بەڵام وەزیری ناوخۆ و چەند ئەندامێکی بزووتنەوەی فەتح لە کابینەکەدا دەبینرێن. چەند وەزیرێک خەڵکی غەززەن، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئێستە لەوێ دەژین یان نا.
ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، گروپێکی چەکداریی سەر بە حەماس لەدوای دەستبەسەرداگرتنی غەززە، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەتەکەی عەباسیان لە غەززە دەرکردووە.
ئاژانسەکە ئەمەشی خستۆتە ڕوو، ئەمەریکا دەیەوێت دەسەڵاتێکی فەڵەستینی و چاکسازیکراو بگەڕێتەوە و ئیدارەی غەززە بکات، بیرۆکەیەک، کە لەلایەن ئیسرائیل و حەماسەوە ڕەت کراوەتەوە.
ئاڵنگارییە گەورەکە بۆ دەسەڵاتی فەڵەستین، ئەگەر ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا پێ بدرێت، ئاوەدانکردنەوەیە.
نزیکەی شەش مانگە شەڕ، ژێرخانی غەززەی لەناوبردووە؛ لەوانەش نەخۆشخانە، قوتابخانە، ماڵەکان و هەروەها ڕێگاوبان و سیستەمی ئاوەڕۆ و تۆڕی کارەبا.
بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکان و هێرشە زەمینیەکانی ئیسرائیل و بە پێی ئاماری دەسەڵاتدارانی تەندروستی ناوخۆی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەڵەستینی تا ئێستا کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاریی دەڵێن، شەڕەکە زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی غەززەی ئاوارە کردووە و سەدان هەزار کەسی بەرەو لێواری برسێتی بردووە.
هەروەها حەماس هۆشداری داوەتە فەلەستینییەکانی غەززە لەو هاوکاریکردنی ئیسرائیل بۆ بەڕێوەبردنی خاکەکە و ڕایگەیاندووە، هەرکەسێک ئەو کارە بکات وەک هاوکارێکی ئیسرائیلی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش دەکرێت وەک هەڕەشەی کوشتن بۆ ئەو کەسانە لە قەڵەم بدرێت.
بزووتنەوەی حەماس، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فەڵەستینی بە ناشەرعی وەسفکردووە و لەبری ئەوە داوای کرد هەموو گرووپە فەڵەستینییەکان بە فەتحیشەوە، حکوومەتێکی یەکگرتوو پێک بهێنن. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەڵبژاردنی نیشتمانی 18 ساڵە لە فەڵەستین نەکراوە.