سامان بەرزنجی بۆ پەرەپێدانی ئاستی زانستی تاقیگەکان، لە ئەمەریکا بەشداری زنجیرە لە کۆبوونەوەیەک دەکات
K24 – هەولێر:
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی پڕۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی ترسناکی بایۆلۆجی و سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستی نێودەوڵەتی، بەشداری لە زنجیرە کۆبوونەوەیەک دەکات.
ئەمڕۆ شەممە (30ـی ئاداری 2024) سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن، لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە لە ئەمەریکایە.
سامان بەرزنجی، وەك سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە بایۆلۆجیەکان لە هەرێمی کوردستان(KBMC)، بۆ رێگەگرتن لە ترسناكییە بایۆلۆجیەكان و بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی بەشداری زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی ترسناكی بایۆلۆجی و سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا کرد.
لە راگەیندراوی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، وەزیری تەندروستی لەمیانەی کۆبوونەوەکانیدا لە ئەمەریکا مەبەستێتی کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاساتی تواناکانی زانستی، رێنمایی نێودەوڵەتی و پتەوکردنی ژێرخانی تاقیگەکان، داڕشتنی میکانیزم، پەیڕەو و ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی ترسناکییە بایۆلۆجیکان بکات.