نەخۆشخانەی تالاسیمیا لە هەولێر دروست دەکرێت
بەمزووانە نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی تایبەت بە تالاسیمیا لە هەولێر دروست دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت و پێشکەوتوو لەسەر رووبەری 20 هەزار مەتر بە توانای 100 تەختەی خەواندن بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لە شاری هەولێر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
راشیگەیاند، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێرەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، زەوی گونجاو بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە، و ئێستا کارکردن بۆ ئامادەکردنی دیزاینی کۆتایی نەخۆشخانەکە بەردەوامن.
هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بەم پڕۆژە مرۆیی و تەندروستییە دەکرێت، چ لە رووی دابینکردنی زەوی و چ لە ڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەمەبەستی سووککردنی ئازاری نەخۆشانی تالاسیمیا و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری پزیشکی پێیان.