دەروونناسێک سوودەکانی تەمەڵی بۆ جەستە روون دەکاتەوە

دەروونناسێک لە یەکێک لە کلینیکەکانی پیتەرزبورگ رایگەیاند، تەمەڵی لە هەندێک حاڵەتدا بۆ مرۆڤ سوودبەخشە، چونکە دەتوانێت هاوسەنگیی دەروونی و جەستەیی بەدیبهێنێت.

لاریسا ئیسۆبۆڤا، دەروونناس دەڵێت؛ پشوودانی هۆشیارانە رێگەیەکی کاریگەرە بۆ رزگاربوون لە سترێس و یەکێکە لە سادەترین رێگە بەردەستەکان بۆ کەمکردنەوەی توندییەکەی. لە جیهانی ئەمڕۆدا مرۆڤ ناچارە بەردەوام بە شتێکەوە سەرقاڵ بێت، بەڵام کاتێک کات بۆ پشوودان و تەمەڵی تەرخاندەکات، جەستە دەحەسێتەوە، چالاکییەکان خاودەبنەوە و دەچێتە حاڵەتی ئارامییەوە. ئەم دۆخە رێگەی پێ دەدات وزەی خۆی وەربگرێتەوە و میزاجی باشتر بکات.

ئیسۆبۆڤا روونیکردەوە، تەمەڵی بە ناو و رووکەش بەو مانایە نییە بە دڵنیاییەوە پشوودانی ناوەکی بەدیهاتبێت. رەنگە مرۆڤێک لەسەر جێگا پاڵکەوتبێت، بەڵام لە مێشکیدا سەرقاڵی دەمەقاڵێ بێت لەگەڵ هاوپیشەکانی یان سەرزەنشتکردنی خۆی بێت بەهۆی تەمەڵی. لەم حاڵەتەدا پشووی پێویست بەدی نایەت، بەڵکو رەنگە هەستی سترێس و تووڕەیی زیاتر ببێت.

ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی لە بیرۆکە بێزارکەرەکان رزگاری ببێت، باشتر وایە هەوڵبدات بیر لە پلانێکی خۆش بکاتەوە یان باڵ بە خەیاڵەکانی بدات. ئەم رێگەیە سەرچاوە شاراوەکانی ناوەوە چالاک دەکات، یارمەتی پشوودان دەدات و توانای بەرگری بەرامبەر ماندوێتی بەهێز دەکات.

پێشتریش ماریا پۆلیاکۆڤا، دەروونناس جیاوازیی نێوان دواخستنی ئەرکەکان و تەمەڵی روونیکردبووەوە. پۆلیاکۆڤا جەختیکردبووەوە تەمەڵی پەیوەندی بە کەمیی وزە و سەرچاوەکانەوە هەیە، کاتێک مرۆڤ هێزی پێویستی بۆ ئەنجامدانی هیچ چالاکییەک نییە، لە کاتێکدا دواخستنی ئەرکەکان کێشەیەکی ناوەکییە.