ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: لیستی کاندیداکانمان پێشکەشی کۆمیسیۆن ناکەین

K24 - هەولێر
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن و ڕەتیدەکاتەوە ئەمڕۆ لیستی کاندیدانیان پێشکەشی کۆمیسیۆن بکەن. گوتەبێژی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، ماوەی وەرگرتنی ناوی کاندیداکان لەوە زیاتر درێژ ناکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، سەربەست لەزگین، ئهندامی مهكتهبی سیاسی و بهرپرسی مهكتهبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و جەخت لە دوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین".
ئەمڕۆ، کۆتا وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدانی حزب و هاوپەیمانییەتییە سیاسییەکانە بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. سەربەست لەزگین گوتی، "داوامان لە کۆمیسیۆن نەکردووە وادەکە درێژ بکاتەوە؛ ئەمڕۆ لیستی کاندیدانمان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکەین".
وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی کرد، "دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان و پرسی مووچەی فەرمانبەران؛ بە تەواوەتی دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانن و ئامانجیان لاوازکردنی ئەم قەوارە دەستوورییەیە، بۆیە ڕەتیان دەکەینەوە".
گوتەبێژی کۆمیسیۆن: کەس داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەکردووە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدان درێژ ناکرێتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمیی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکراوە و پابەندن بۆ کردنی هەڵبژاردنەکە لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو.
پارتی و یەکێتی، وەکو ئەوەی جومانە غەلای ئاماژەی پێ کرد، تاوەکو ئێستە لیستی کاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکردووە.
ژمارەی ئەو هاوپەیمانێتی و پارتانەی لیستی کاندیداکانیان ڕادەستی کۆمسیۆن کردووە:
هەولێر: یەک هاوپەیمانێتی - سێ پارت - 17 کاندیدای سەربەخۆ
سلێمانی: یەک هاوپەیمانێتی - دوو پارت - 21 کاندیدای سەربەخۆ.
دهۆک: دوو هاوپەیمانێتی - دوو پارت - 15 کاندیدای سەربەخۆ.
هەڵەبجە: دوو هاوپەیمانێتی - یەک پارت - سفر کاندیدای سەربەخۆ.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق ڕوونیشی کردەوە، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 783 هەزار و 552 کەس کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە بەمەش زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر کە دەکاتە ڕێژەی %26ـی کۆی ڕێژەی دەنگدەران، کارتی بایۆمەترییان نوێ نەکردووەتەوە.
جومانە غەلای ئەوەشی خستەڕوو، 24 کاتژمێر دوای دەنگدان، ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی پارت و بەربژێرەکان ڕادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، دوای 72 کاتژمێریش ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی وێستگەکان ڕادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، هەروەها دوای 7 ڕۆژ ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت وێنە و ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی کارتی دەنگدان بدەن.
ڕۆژی یەکشەممە، 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024)ـی وەکو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.