فریاد فازڵ: تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە کۆڕەو، ئەنفال و کیمیاییباران بخاتە ناو بەرنامەی قوتابخانەکانەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئینستیتیوتی خوێندنی کوردی بەرلین ڕایگەیاند، "کۆڕەو، ئەنفال و کیمیاییباران سێ برینی زیندوون لە لاشەی گەلی کورد دا دەژین، تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە بەرنامەی پەروەردەی بگۆڕێت و ئەنفال و جینۆساید بخاتە ناو بەرنامەی قوتابخانەکانەوە بە عەقلی کوردێکەوە باسی بکات."
د. فریاد فازڵ، سەرۆکی ئینستیتیوتی خوێندنی کوردی بەرلین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "کۆڕەو، ئەنفال و کیمیاییباران، سێ برینی زیندوون لە لاشەی گەلی کورد دا دەژین." دەشڵێت: "بەداخەوە ئەو برینانە تا ئێستاش توانای دووبارە و سێ بارە و دەبارەیان هەیە، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە بۆ ئێمە."
فریاد باسی لەوەش کرد، "بەداخەوە لە کاتی کۆڕەوەکەدا کورد بۆی دەرکەوت بوو کە وڵاتان پشتگیریی ناکەن، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی کە نایانەوێت دەست لە کاروباری ناوخۆیی عێراق وەربدەن." گوتیشی: "ئەوەی ئێمە دەمانویست ئەوەبوو کە وڵاتان بزانن چی ڕوویداوە، هەرچەندە دەشیانزانی بەڵام وەکو خۆیان دەیانگووت ئەمە کارێکی ناوخۆییە، ئێمە دەست لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە وەرنادەین."
ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە بەرنامەی پەروەردەی بگۆڕێت، و ئەنفال و جینۆساید بخاتە ناو بەرنامەی قوتابخانەکانەوە، بە عەقلی کوردێکەوە باسی بکات، نەک بە عەقلی عەرەبێکی شۆڤینی باسی بکات، هەروەها لەبەر ئەوەی ئێمە دەوڵەت نین، بۆیە تا ئێستا ئێمە چەکێکمان نییە کەپێویستمانە و وڵاتان هەیانە."
سەرۆکی ئینستیتیوتی خوێندنی کوردی بەرلین دەشڵێت:"خەڵک وادەزانن ئێمە ئازادیی تەواومان هەیە، بەڵام وانییە، ئەبینین هەموو بەلوعەکان لە بەغدا دەکرێنەوە و دەگیرێنەوە، بۆیە ئەو "دڕندەییەی" لەبەغدا هەیە، ئەوانەی لەلانەی ئێمە پەروەردەکران و پارێزران و ئێستاش لە بەغدا ڕژێم بەڕێوە دەبەن، ئەوانە لەبیریان چووەتەوە کە ئێمە چ چاکەیەکمان لەگەڵیان کردووە. هەروەها ئەوان تەڵەمان بۆ دادەنێنەوە کە لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە وڵاتان ئاگادار دەکەنەوە کە نابێت پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت."