هەڵمەتی گەڕان بەدوای تەرمی خنکاوێکی لافاوەکەی دهۆک بەردەوامە
K24 - هەولێر
بێوار عەبدولعەزیز گوتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 11 ڕۆژە هەڵمەتی گەڕان بە دوای تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییەی لە لافاوەکەی دهۆکدا خنکان بەردەوامە، هەرچەندە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە گەڕەکی ڕەزان تەرمی یەكێک لە خنکاوەکان دۆزرایەوە، بەڵام هەڵمەتی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی هاووڵاتییەکەی دیکە بەردەوامە.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوان بە بەشداری زیاتر لە هەزار کەس، هەر لە شوێنی خنکانی دوو هاووڵاتییەکە تاوەکو بەنداوی مووسڵ بەردەوام بووە، بەڵام بێئەنجام بووە.
هەروەها داوای لە هاووڵاتییانیش کرد هەر کاتێک تەرمێکیان دۆزییەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندییە ژمارە 115 ـەوە بکەن، جەختیشی کردەوە کە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زەرەر و زیان بەر زیاتر لە دوو هەزار خانووی هاووڵاتییان و دوکان گەیشتووە و لە سەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان 150 شوقەی بە سەر هاووڵاتییانی زەرەرمەند دابەش کرد، هەروەها بەشێکی زۆر لەو هاووڵاتییانەی زیانمەند بوون هاوکارییان کراوە و ئەوەشی ماوە بەم نزیکانە هاوکاری دەکرێن.
دەربارەی چارەنووسی کەسێکی ون بووی خانکێ، گوتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک ڕایگەیاند، تا وەکوو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە ئەو هاووڵاتییە خنکاوە یان بە بەهۆی دیکە چارەنووسی نادیارە، هەربۆیە گەڕان بە دوای چارەنووسی ئەویش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی سەرەداوێک دەست دەکەوێت.
هەروەها ئاماژەی داوە، تاوەکوو ئیستاش هاووڵاتییانی زەرەمەندبووی لافاوەکەی دهۆک سەردانی قایمقامییەتی دهۆک دەکەن بۆ ئەوەی زەرەو زیانەکانیان تۆمار بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو گەیشت و دەیان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.