بەرگریی شارستانیی دهۆک: ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ کۆنترۆڵ کرا
K24 – هەولێر
عەقید بێوار عەبدولعەزیز گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و تیمێکی تایبەتیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە و خەملاندنی زیانەکان پێک هێنراوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتیشی: بە هەوڵەکانی زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانیی دوای چەند کاتژمێرێک توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت، تەنیا 11 ئەندامی تیمەکانی بەرگری شارستانیی بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوون و چارەی پێویستیان بۆ کراوە.
بێوار عەبدولعەزیز ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرەکەوتنەوەکە، زیاتر لە 100 دوکانی بازاڕی چەلێ زیانێکی زۆری ماددیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێک بەر خانووی هاووڵاتییانی نزیک بازاڕەکە نەگەیشتووە.
گوتیشی: هەرچەندە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە، بەڵام لیجنەیەکی لێکۆڵینەوە لە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە و دیاریکردنی قەبارە زیانە ماددییەکان پێک هێنراوە.