بەرگری شارستانیی هەرێم: ئاگرەکەی دهۆک تەنیا زیانی ماددی هەبووە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 3:43 خولەک، ئاگرێکی گەورە لەناو یەکێک لە بازاڕەکانی ناو سەنتەری پارێزگای دهۆک کەوتەوە.

بەرگریی شارستانیی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە، زەرەر و زیانێکی زۆر گەورەی ماددی بە زیاتر لە 100 دوکان کەوتووە.

ڕاشیگەیاند، بە هەوڵ و تەقەللای کارمەندان و ئەفسەرانمان کە لە 30 تیمی  بەرگریی شارستانیی  11  بنکەوە بەشداربوون، توانرا  بە سێ كاتژمێر و 20 خولەك ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین.

بەرگریی شارستانیی هەرێم دووپاتی کردەوە، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە تەنها هەشت ھاووڵاتی و سێ لەکارمەندانمان بەهۆی دووكەڵەوە هەناسەیان سوار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئێستا باری تەندرووستییان جێگیرە.