هۆگر عەلی: نرخی خواردەمەنی لە مانگی ڕەمەزاندا هەرزان بووە

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان بەردەوام لەگەڵ لیجنەکاندا پێداچوونەوەمان بۆ نرخی کەلوپەل کردووە و نرخ هەرزان بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، لە میانی گەشتی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لیجنەکانمان بەردەوام لە بازاڕی شاری هەولێر بە چڕی سەردانی گۆشتفرۆش، سەوزە فرۆش، سەموونخانە و مارکێتەکان دەکەین".
بەگوتەی ئەو: "بەر لە هاتنی مانگی ڕەمەزان ئێمە سەرجەم نرخەکانمان وەرگرت، لەگەڵ سەرجەم ئەو خواردەمەنیانەی کە هاووڵاتیی دەیخوات و لەو مانگەدا خواستی زۆری لەسەرە. لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان بەردەوام لەگەڵ لیجنەکان پێداچوونەوەمان بۆ ئەو نرخانە کردووەتەوە. لە هیچ شوێنێک نرخی خواردەمەنی گران نەبووە، بەڵکو هەرزان بووە."
هۆگر عەلی دەشڵێت: "ئەگەر بەراوردی نرخەکان لە پێش مانگی ڕەمەزان و ئێستە بکەین، دەبینی کە نرخی خواردن هەرزان بووە و ئەو شوێنانەی نرخی خواردەمەنیان زیاد کردووە، ئێمە سزای پێبژاردنمان بەسەریاندا سەپاندووە و شوێنەکەشمان پێ داخستووە."
ئەو گوتیشی: "لەم مانگی ڕەمەزانەدا پێنج شوێنمان داخستووە، 233 شوێنمان سزای دارایی داوە. هەروەها زیاتر لە 22 تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوومان دەستبەسەردا گرتووە."
ڕاشیگەیاند، "لە ڕێگەی لیجنەکانمانەوە بەردەوامین لە سزادانی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی دەکەن، یاخود نرخی خواردەمەنی گران دەکەن. سزاکانیشمان جۆراو جۆرە، هەیە سزای لەسەر نرخە، هەشمانە لەسەر کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بووە"