پەرلەمانتارێک: داوای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دهۆکمان لە عێراق کردووە

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوامان لە پەرلەمانی عێراق کردووە، نووسراوێک بۆ حکوومەتی عێراق بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دهۆک.

د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوامان لە پەرلەمانی عێراق کردووە، نووسراوێک بۆ حکوومەتی عێراق بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دهۆک. گوتیشی: پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە بەڵام دەبێت بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوان بڕیار لەسەر قەرەبووکردنەوە دەدات.

خەلیل غازی، کە هاوکات نوێنەری دانیشتووانی دهۆکە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە ماددەی (2) بڕگەی (1) و بڕگەی (3)یەم،  ساڵانە 500 ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ بودجەی فریاگوزاری، بۆیە هەر کارەساتێک ڕوو بدات دەبێت حکوومەتی عێراق خۆی لێ بکاتە خاوەنی.

باسی لەوەشکرد، ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی هیچ کاتێک سستیمان لەو بابەتە نەکردووە، جەختیش لەسەر حکوومەت دەکەینەوە تاوەکو قەرەبووی خەڵکی ئێمە بکاتەوە، کەزیانیان پێکەوتووە، هەروەها بەردەوامیش دەبینین لە بەدواداچوونمان تاوەکو حکوومەت بڕیارێک لەو بارەیەوە دەدات.

خەلیل ڕاشیگەیاند، ئێمە لەپەرلەمان دەنگمان لەسەر داوە، تا ئێستا هیچ بیانووەکیان لەسەر بابەتەکە نەبووە، لەبەرئەوە حکوومەتی عێراق پابەندە بە قەرەبووکردنەوەکە، بەس ئەوە دەمێنیتەوە شێوازی قەربووکردنەوەکە چۆنە و لەسەر چ پێوەرێک دەبێت، وە بڕی قەرەبووەکە چەندە. بۆیە دەبێت لیژنەیەک بێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ زیانەکان.

 ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو گەیشت و دەیان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.