هاووڵاتییانی ئەمەریکا لێشاوی کۆچبەران بە گەورەترین کێشە بۆ وڵاتەکەیان دادەنێن

خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە پەنابەران لە واشنتن - وێنە: ئەرشیف
خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە پەنابەران لە واشنتن - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

یەکێک لەو قەیرانانەی وڵاتانی رۆژئاوا بەدەستیەوە دەناڵێنن لێشاوی کۆچبەرانە و ئەمەریکا بەشێکە لە وڵاتانە، بەگوێرەی دوایین راپرسی، بەشێکی هاووڵاتییانی ئەمەریکا لێشاوی کۆچبەران بە گەورەترین کێشە بۆ وڵاتەکەیان دادەنێن و تەنانەت کۆچبەری یاساییش بووەتە جێگەی نیگەرانی هاووڵاتییانی ئەمەریکا.

لێشاوی کۆچبەران، یەکێکە لە قەیرانەکانی بەردەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کێشە و ئاڵۆزی لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە دروست کردووە، بە تایبەتی لە بەشی باشووری سنووری ئەمەریکا، هەروەها بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کۆچبەرە نایاساییەکان بە گەورەترین کێشە دادەنێن.

بەگوێرەی راپرسییەکی دامەزراوەی گالوپ کە لە شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لە 28% هاووڵاتییانی ئەمەریکا کۆچبەری نایاسایی بە گەورەترین کێشەی بەردەم وڵاتەکەیان دەستنیشان کرد.

لە 20%ـی هاووڵاتییانی ئەمەریکا، حکومەتی وڵاتەکەیان بە گەورەترین کێشە دادەنێن، هەروەها باری ئابووریی ئەمەریکا لەلایەن 12%ـی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە وەک گەورەترین کێشە دەستینشان کراوە. هەروەها لە 55%ـی هاووڵاتییانی ئەمەریکا کۆچبەرە نایاساییەکان بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانن.

هەر بە گوێرەی دەرئەنجامی راپرسییەکەی دامەزراوەی گالوپ، لە 90%ـی کۆمارییەکانی ئەمەریکا پێیان وایە کۆچبەرە نایاساییەکان هەڕەشەیەکی گەورەن، لە 29% دیموکراتەکانیش هاتنی ئەو کۆچبەرانە بە هەڕەشە دادەنێن.

تەنانەت هاتنی کۆچبەرە یاساییەکانیش بە هەڕەشە دادەنرێت، بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی نۆرک و ئەسۆشیەتید پرێس، لە 40%ـی هاووڵاتییانی ئەمەریکا پێیان وایە هاتنی کۆچبەران بەڕێگەی یاسایی بۆ وڵاتەکەیان، سوودی بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری وڵاتەکەیان هەیە و کەسانی خاوەن ئەزموون بۆ بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیا دەستەبەر دەکات.

ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2017 کەمیکردووە کە لە 59%ـی هاووڵاتییان پێیان وابوو هاتنی کۆچبەری یاسایی بۆ وڵاتەکەیان سوودی هەیە.  هەر بەگوێرەی راپرسییەکە، لە 32%ـی هاووڵاتییان پێیان وایە هاتنی کۆچبەری یاسایی مەترسی ئەنجامدانی تاوان لە ئەمەریکا زیاتر دەکات.