ئاسایشی هەولێر چوار کەس بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ سووتاندنی ئۆتۆمبێلێک دەستگیر دەکات
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی هەڵکوتانەسەر ماڵێک و هەوڵدان بۆ سووتاندنی ئۆتۆمبێلێک لە شاری هەولێر راگەیاند.
رۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمان و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، چوار تۆمەتبارمان بەناوەکانی (ش، م، ی)، (ع، س، م)، (ن، أ، پ) و(ل، م، ک) دەستگیرکرد.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: لەنێو تۆمەتابرە دەستگیرکراوەکاندا، تۆمەتباری سەرەکی بەناوی (ش، م، ی) لەسەر پارەو میرات بووەتە کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ماڵی خاڵەکانی و بەو هۆیەوە سێ تۆمەتبارەکەی دیکەی چەند جارێک هانداوە لە بەرامبەر بڕێک پارە تاوەکو هەڵبکوتنە سەر ماڵی ئەو خاڵانەیان.
ئاسایشی هەولێر روونیکردووەتەوە: تۆمەتبارەکان بۆ ئەو مەبەستە چەکی بێ مۆڵەتیان بەکارهێناوە و تەقەیان لەو ماڵانە کردووە، دواینجاریش لەلایەن تۆمەتبار (ع، س، م) هەوڵی سووتاندنی ئۆتۆمبیلەکەی خاڵی دابوو لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر.