مەحموود محەممەد: پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە.

رۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات. لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە".

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردووەتەوە: "دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بو ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە".

دەقی ڕوونكردنەکەی گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات.

لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن.

دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بو ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووریی و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە.

مەحموود محەممەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
1ـی نیسانی 2024