کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکی داوا لە وڵاتەکەی دەکات لە ناتۆ بکشێتەوە

K24 - هەولێر

تۆماس ماسی ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ویلایەتی کنتاکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە پێشنیاری کرد ئەمەریکا لە ناتۆ بکشێتەوە، ئەمەش بە هۆکارێکی سەیر کە پەیوەندی بە ویلایەتی هاوای ئەمەریکاوە هەیە.

ئەو کۆنگرێس مانە لە ئەکاونتی پلاتفۆرمی "X"ـی خۆی نووسیویەتی، رێککەوتنی ناتۆ کاریگەری لەسەر ویلایەتی هاوایی نییە. و هەندێک لە پسپۆڕانیش دەڵێن، "پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە. بەڵام من دەڵێم: با لە 49 ویلایەتەکەی دیکە بکشێنەوە."

ئەم لێدوانەی ماسی بیرهێنانەوەیەک بوو لەسەر بابەتێکی سی ئێن ئێن کە تێبینییەکی دەیڤید سانتۆرۆ، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆڕبەندی "زەریای هێمن"ـی تێدایە. دەڵێت، "ویلایەتی هاوای لە ناتۆدا نییە، لەنێویاندا مادەی پێنجەمی پەیوەست بە بەرگری بەکۆمەڵ نایگرێتەوە".

بە گوتەی سانتۆرۆ، هۆکاری درێژنەبوونەوەی پەیماننامەکە بۆ هاوایی، ئەوەیە کە دوورگەکە دەکەوێتە زەریای هێمن و بەشێک نییە لە کیشوەری ئەمەریکای باکوور، کە بەڵگەنامەکە دەیگرێتەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە، ویلایەتی هاوایی لە ڕاستیدا مادەی پێنجەمی میساقی ناتۆ نایگرێتەوە، بەڵکو پابەندە بە مادەی چوارەم. سەبارەت بە ڕاوێژکردن لە ئەگەری دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی ناوچەکە، سەربەخۆیی سیاسی، یان ئاسایش.

پرسی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ پێشتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە وروژێنرابوو کە جارێکی دیکە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات.

ترەمپ ناڕەزایی خۆی لە چالاکییەکانی ناتۆ دەربڕی و هەڕەشەی کرد، ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا ئەمەریکا لە ناتۆ دەکشێنێتەوە. ئەویش ئەگەر هاوبەشە ئەوروپییەکان بەرپرسیارێتی دارایی زیاتر لە ئەستۆ نەگرن بۆ ئاسایشی خۆیان

Fly Erbil Advertisment