پێکەنین کاریگەری ئەرێنی لەسەر دڵ دروست دەکات

K24 - هەولێر

پێکەنین کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان و ئەندامەکان و سیستەمی لەش هەیە و یارمەتیدەری بیرهێنانەوەی زانیاریە و تەمەن درێژدەکاتەوە.

ئۆلگا تکاتچۆڤا، پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پیری ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ " ئیزڤيستيا" ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی هەمیشە پێدەکەنن دڵ و خوێنبەرەکانیان تەندروستتر و تەمەنیان درێژترە. و ئەو کەسانەی هەفتەی زیاتر لە جارێک پێدەکەنن، مەترسی مردنیان زیاتر لەسەرە.

پرۆفیسۆرەکە ئاماژە بەوەکرد، پێکەنین ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گروپێکی جیاواز لە پرۆسەکانی مێشک هەیە، لەوانە ئازار و سیستەمی بەرگری لەش.

بەبڕوای ئەو، سەیرکردنی فیلمە کۆمیدییەکان ئازار کەم دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرهەمهێنانی هەندێک مادەی گواستەرە دەمارییەکان (سیرۆتۆنین، ئەندۆرفین، دۆپامین، ئۆکسیتۆسین) لە کاتی پێکەنیندا، جگەلەوەش هەست بە باشی و خۆشی و ئاسوودەی دەکەیت، پێکەنین خانەکانی سیستەمی بەرگریی دژەتەن بەرهەمدەهێنن، ئەوەش تووشبوون بە نەخۆشی کەمدەکاتەوە.

بە گوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، "پێکەنین یارمەتیت دەدات زانیارییەکانت لەبیرت بێت". گوتیشی: "پێکەنین هەناسەدان و باشترکردنی سوڕی خوێن لە هەموو ئەندامەکانی جەستەدا ڕێکدەخات، بۆیە پێکەنین دەتوانێت وەک بەشێک لە وەرزش بەکاربهێنرێت."