محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر: له‌كاتی گه‌یشتنی مووچه‌ی مانگی ئادار ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی ده‌كه‌ین و ڕۆژانی جه‌ژنیش به‌رده‌وام ده‌بین

K24 – به‌غدا:

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ژمێركاری لە وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سبه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی شوبات كۆتایی پێدێت، چاوه‌ڕێین پاره‌ی مووچه‌ی مانگی ئاداریشمان به‌ده‌ست بگات.

محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ژمێركاری لە وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، لیستی مووچه‌مان به‌ شێوازی دیجیتاڵی راده‌ستی به‌غدا كردووه‌، چاوه‌ڕێین مووچه‌ی مانگی ئاداریش بگات و پێش جه‌ژن ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی ده‌كه‌ین و ڕۆژانی جه‌ژنیش له‌ دابه‌شكردنی به‌رده‌وام ده‌بین.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ كاری زۆر ده‌وێت، لیستی مووچه‌ی مانگی ئادار هاوشێوه‌ی مانگی شوبات به‌ بێ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ده‌بێت.

باسی له‌وه‌ش كرد، چاوه‌ڕێین مووچه‌ی مانگی ئادار له‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ بخرێته‌ سه‌ر ئه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كسەر ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی ده‌كه‌ین.

ڕوونیشی كرده‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین، به‌ دوو جار مووچه‌ی مانگی ئادار ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، له‌م باره‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق قسه‌مان كردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کردووە کە هاوکار بوون تاوەکو پێکەوە بتوانن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە: "لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم".

هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".