هاوڕێ کەمال: جێبەجێکردنی پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنیا لەسەر بەغدا ماوە

K24 – هەولێر:
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە. هاوکات دەڵێت: رێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە هەرێم جێبەجێ کراوە و تەنیا لەسەر بەغدا ماوە بڕیاری لەسەر بدات.
هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرباری قەیران و گرفتەکان توانیویەتی سەرکەوتووانە ئیدارەی بارودۆخەکە بکات، هەروەها توانی کێشەی مووچە چارە بکات.
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، مووچەی مانگی دوو زۆر جیاوازە لەو مووچانەی کە لە پێشتر دراوە، پێشتر بەغدا بڕە پارەیەکی بۆ مووچە دەنارد، بەڵام بۆ مانگی دوو مووچەیان بەپێی لیست نارد و مووچەی وەزارەتە ئەمنیی و سەربازییەکانی تێیدا نەبوو، بەهۆی پێداگریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچە بۆ ئەوانیش نێردرا، ئەگینا هەوڵی بەغدا بۆ ئەوە بوو بەربەست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
هاوڕێ کەمال، دەڵێت: ئەو لیستانەی بۆ بەغدا نێردراوە وردبینی تەواویان بۆ کراوە و ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە ئیدی بەبێ کێشە مووچە بنێرێت.
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، گوتی: بەهۆی ئەوەی بەغدا لە 2014 بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرا، دواتر لە ساڵی 2023 لیستمان بە پلەبەرزکردنەوەوە بۆ بەغدا نارد بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە و داوایان کرد لیستە کۆنەکەیان بۆ بنێرێت، بەڵام بۆ ئەمجارە لەلای ئێمە کارەکانی پلەبەرزکردنەوە کۆتایی هاتەوە و لسیتمان بۆ بەغدا ناردووە چاوەڕێن ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.
هاوڕێ کەمال، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو شاندانەی لە دەرەوەی بازنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە، فەرمی نین و ئامانج لە کارەکانیان دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.