جەی دی ڤانس هۆکاری شکستی کۆمارییەکانی ئاشکرا کرد
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا، دانی بە شکستی قورسی پارتی کۆماریدا نا لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس و رایگەیاند، هۆکاری دۆڕاندنەکەیان کەمیی بەشداریی دەنگدەران نەبووە، بەڵکو خودی جەنگی ئێران، گرانیی بژێوی و ناڕەزایەتی لە شێوازی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بووە، کە وایکرد دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2024، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن.
چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی درێژدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرنجی خستە سەر هۆکارە راستەقینەکانی شکستی کۆمارییەکان لە لەدەستدانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران بۆ پارتی دیموکرات.
ڤانس رەتیکردەوە کە شکستەکە پەیوەندی بە کەمیی بەشداریی لایەنگرانی کۆمارییەکانەوە هەبووبێت و رایگەیاند: "داتاکان دەریانخست لایەنگرانی ئێمە بە ژمارەیەکی زۆر چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ بۆ نموونە لە فلۆریدا جیاوازیی دەنگی کۆمارییەکان نۆ خاڵ لە پێش دیموکراتەکان بوو. کەواتە کێشەی سەرەکی رێژەی بەشداری نەبوو، بەڵکو کێشە بنەڕەتییەکە ئەوە بوو کە زۆرینەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2024 دەنگیان بە ترەمپ و ڤانس دابوو، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان بە دیموکراتەکان دا."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە راپرسییەکی ناوخۆیی ورد کرد لەسەر ئەو دەنگدەرانەی پشتیان لە پارتەکەیان کردووە و هۆکاری سەرەکیی تووڕەییەکەیانی لە چوار خاڵدا کۆکردەوە:
1. کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.
2. چارەسەرکردنی تێچووی بەرزی ژیان و هەڵئاوسان.
3. پەیڕەوکردنی راستەقینەی دروشمی ئەمریکا لە پێشینەیە.
4. گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئیسرائیل.
ڤانس دووپاتی کردەوە کە دەنگدەرانی کۆماری بەهۆی ئەم چوار پرسەوە دەنگیان بە دیموکراتەکان دا و دەڵێت: "هۆکاری سەرەکیی دۆڕانەکەمان جەنگ بوو. تەنانەت خودی دۆناڵد ترەمپیش شەوی رابردوو هەمان شتی گوت. ئەگەر کەسانێک هەن دەیانەوێت بڵێن ئەم جەنگە بەهای ئەوەی هەبوو کە بۆ شەش ساڵی داهاتوو کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران بدۆڕێنین، با بیڵێن؛ رەنگە رازی بن یان نا، بەڵام لانیکەم ئەوە قسەیەکی راستگۆیانەیە."
جەی دی ڤانس هۆشداریی دا لەوەی کە لە مانگەکانی داهاتوودا سیاسییە نەریتییەکان هەوڵ دەدەن بە بیانووی جۆراوجۆر، وەک پرسی لێخۆشبوون بۆ کۆچبەران، لە هۆکاری سەرەکیی شکستەکە رابکەن و گوتی: هەموو کەسێک دەزانێت بۆچی دۆڕاندوومانە؛ دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەکی راستگۆیانە لەسەر ئایندە، دەبێت لە دەستنیشانکردنی ئەم راستییەوە دەستپێبکات، بەڵام من هێشتا بە ئایندەی وڵاتەکەم گەشبینم؛ دەبێت ئەو تووڕەییەی لە دەرئەنجامەکان دروست بووە، بکەینە وزەیەک بۆ سەرخستنی ئەو کۆمارییانەی کە هەمان تێڕوانینی شەقام و گەل بەهەند وەردەگرن."
دانپێدانانەکەی جەی دی ڤانس بە کاریگەریی وێرانکەری جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر باڵادەستیی کۆمارییەکان لە واشنتن، هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی رەخنە لە ناوخۆی ئەمریکا بەهۆی زیانە مرۆیی و ئابوورییەکانی شەڕی هەشت مانگەی دژ بە ئێران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی رابردوودا لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشدارییەکی پێوانەیی تۆمار کرا و زیاتر لە 54 ملیۆن ئەمریکی دەنگی پێشوەختەی خۆیان دابوو کە تێیدا دیموکراتەکان بە 46% بەرامبەر 35% لە پێش کۆمارییەکان بوون؛ بەوەش شەقامی ئەمریکا بە دەنگدانێکی سزادەرانە وەڵامی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، هەڵئاوسانی نرخی سووتەمەنی و جەنگی هەشت مانگەی دژ بە ئێرانی دایەوە.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا:
ئەنجوومەنی نوێنەران:
پارتی دیموکرات بە مسۆگەرکردنی 241 کورسی (+30 کورسیی نوێ و هەڵگەڕاندنەوەی 32 کورسی لە دەست کۆمارییەکان)، بەربەستی زۆرینەی 218 کورسی تێپەڕاند و کۆنترۆڵی ئەنجوومەنەکەی گرتە دەست. لە بەرامبەردا، کۆمارییەکان پاشەکشەیەکی قورسیان کرد و کورسییەکانیان بۆ 149 کورسی دابەزی.
ئەنجوومەنی پیران:
دیموکراتەکان توانییان زۆرینەی 53 بەرامبەر 47ـی پێشووی کۆمارییەکان هەڵبوەشێننەوە و بە بردنەوەی حەوت کورسیی یەکلاکەرەوە، بگەنە 54 کورسی بەرامبەر 44 کورسی بۆ کۆمارییەکان (لە کاتێکدا تەنیا پێویستیان بە 51 کورسی بوو بۆ زۆرینە).
پۆستی پارێزگارەکان: دیموکراتەکان لە 27 ویلایەت سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە بەرامبەر 20 ویلایەت بۆ کۆمارییەکان.