سبەی مانگرتنی سەرتاسەری لە فەرەنسا دەستپێدەکات

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە فەرەنسا لە هۆشدارییەکی بەپەلەی ئەمنیدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات خۆیان لە ناوچەکانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بەدوور بگرن، و رایگەیاند سبەی پێنجشەممە بەهۆی مانگرتنێکی سەرتاسەری و فرەکەرتییەوە، گەشتە ئاسمانییەکان، شەمەندەفەر، میترۆ، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پاریس و سەرتاسەری فەرەنسا پەکیان دەکەوێت؛ هاوکات هۆشداریشی دا لە سەپاندنی قەدەخەی هاتوچۆی کتوپڕ.

چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، لە ئاگادارییەکی ئەمنیدا بۆ هاووڵاتییانی، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە فەرەنسا رایانگەیاند، شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و بۆ سبەی پێنجشەممە مانگرتنێکی بەرفراوانی سەرتاسەری لە سەرجەم کەرتەکان پلانی بۆ دانراوە کە مامۆستایان، کارمەندانی تەندروستی، فەرمانبەرانی حکوومەت و کەرتی گواستنەوەی گشتی دەگرێتەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، چوار گەورەترین سەندیکای هێڵی ئاسنینی فەرەنسا بانگەوازی مانگرتنی هاوبەشیان کردووە و پچڕانی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەستپێدەکات و تا سبەی بەردەوام دەبێت، هاوکات چەندین گرووپی دیکەش بانگەوازیان بۆ خۆپیشاندانی نوێ لە رۆژانی پێنجشەممە و کۆتایی هەفتەدا کردووە.

کاریگەرییە پێشبینیکراوەکان بەپێی هۆشدارییەکەی باڵیۆزخانە:

شەمەندەفەر و میترۆ: پەککەوتنێکی گەورە لە هێڵەکانی شەمەندەفەری نێوان شارەکان و هێڵەکانی میترۆ و پاسی ناوخۆیی روودەدات، کە ڕەنگە ببێتە هۆی داخرانی لەناکاوی وێستگەکان.

گەشتە ئاسمانییەکان: مانگرتنی فرەکەرتی زیان بە هێڵە ئاسمانییەکان دەگەیەنێت و گەشتەکان تووشی هەڵوەشاندنەوە و دواکەوتن دەبن.

شەقام و رێگەوبانەکان: گردبوونەوە و بلۆککردنی رێگە سەرەکییەکان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، ئاستەنگی گەورەی هاتوچۆ دروست دەکات.

قوتابخانە، نەخۆشخانە و بانکەکان: دامەزراوە حکوومییەکان، ناوەندەکانی خوێندن، نەخۆشخانەکان و بانکەکان لە پاریس و سەرانسەری فەرەنسا تووشی پەککەوتن دەبن یان خزمەتگوزارییەکانیان بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێنن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا روونیکردووەتەوە، خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی فەرەنسا توندوتیژی، تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و تاڵانکردنی شوێنە بازرگانییەکانی لێکەوتووەتەوە و هێزەکانی پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلی ئاوڕێژ بەرپەرچیان داونەتەوە.

لە هۆشدارییەکەدا هاتووە کە ئەگەری بەردەوامبوونی قەدەخەی هاتوچۆ لە بەشێک لە گەڕەکەکانی پاریس و دەوروبەری لە ئارادایە، کە بڕیارەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و شارەوانییەکان دەدرێن و دەکرێت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و هاتوچۆ و گردبوونەوە لە نزیک شوێنە گشتییەکان سنووردار بکرێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە بە تەواوی لە ناوچەکانی گردبوونەوە دوور بکەونەوە، پێش گەشتکردن پەیوەندی بە هێڵەکانی فڕۆکەوانی و هێڵی ئاسنین بکەن، و بەردەوام چاودێریی رێنماییە ئەمنییەکانی پۆلیس و دەزگاکانی راگەیاندن بکەن.

کەناڵی بی ئێف ئێم تی ڤیی فەرەنسی ئاشکرای کرد، دەسەڵاتدارانی پاریس هۆشداریی باڵای ئەمنییان راگەیاندووە لەبەر ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت سبەی پێنجشەممە لە نێوان 500 هەزار تاوەکو 700 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵات بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن؛ هاوکات راپۆرتێکی هەواڵگریی ناوخۆیی هۆشداری دەدات لەوەی پێکدادانەکان رەنگە ئاستێکی نوێ لە توندوتیژی لە نێوەندی شارەکاندا تۆمار بکەن.

بەپێی راپۆرتێکی هەواڵگریی فەرەنسا کە رۆژی چوارشەممە ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بووە، دەزگا ئەمنییەکان خۆپیشاندان و مانگرتنە گشتگیرەکەی سبەی پێنجشەممەیان وەک رووداوێکی مەترسیی باڵا پۆلێن کردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە یەکگرتنی بانگەوازی سەندیکاکانی کرێکاران لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ و ئامادەییەکان و چالاکوانانی بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان، زەمینەی تەقینەوەیەکی جەماوەریی گەورەی لە شارەکاندا دروست کردووە.

دەزگا هەواڵگرییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی کە خۆپیشاندانەکانی سبەی رەنگە بگەنە ئاستێکی نوێ لە پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەت لە نێوەند و سەنتەری شارە گەورەکاندا.

لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا، لۆران نونێز وەزیری ناوخۆی فەرەنسا فەرمانی بە سەرجەم پارێزگار و فەرماندە ئەمنییەکان کردووە کە بە شێوەیەکی خێرا و کارا هێزەکانیان بڵاوە پێ بکەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ چاودێریکردنی ئاسمانیی گردبوونەوەکان بەکاربهێنن.

هاوکات کۆمەڵێک رێکاری توند خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانە:

قەدەخەکردنی هەڵگرتنی هەر جۆرە کەرەستەیەکی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان.

قەدەخەکردنی هەڵگرتنی کەرەستەی خۆپارێزی لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە (وەک دەمامکی دژەگاز و کڵاو).

پشکنینی وردی رێبواران لە وێستگەکانی شەمەندەفەر و رێگە سەرەکییەکان، لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە پۆلیس بۆ دەستبەجێ دەستگیرکردنی هەر کەسێک کە پەلاماری موڵک و ماڵی گشتی بدات.

وەزیری ناوخۆ داواشی لە پارێزگارەکان کردووە رێگری لە هەر ڕێپێوانێک بکەن کە بە نێوەندی شارەکاندا تێپەڕ دەبێت.

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە هات کە لە چەند رۆژی رابردوودا هەزاران خوێندکاری زانکۆ و قوتابخانەکان لە پاریس، مارسیلیا، لیۆن، بۆردۆ و رێن رژانە سەر شەقام و دەرگای پۆلەکانی خوێندنیان داخست دژی داڕمانی کەرتی پەروەردە و نەبوونی مامۆستا. رێکخراوەکانی گەنجان سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی هەفتە لە شەقامەکاندا بمێننەوە.

لە هەوڵێکیشدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ژان پیێر فەراندۆ، وەزیری کاری فەرەنسا لە پەرلەمان رایگەیاند کە هیوادارە بەم زووانە چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی مووچە لە وڵاتدا رابگەیەنێت، بەڵام سەندیکاکان جەخت دەکەنەوە کە تووڕەیی خەڵک لە ئاست گرانیی ژیان زۆر لەو بەڵێنانە گەورەترە.