سێنتکۆم: سیستەمێکی مووشەکی ئاسمانی سەر بە حوسییەکانمان لەناوبرد
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، مووشەکێکی بالستی دژە کەشتی و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدرابوون لەناوبردووە.
سێنتکۆم ئاماژەی ڕاشیگەیاند، هێزەکانی کەشتیی USS Gravely (DDG 107) و هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) سەرکەوتوو بوون لە بەشداریکردن و لەناوبردنی موشەکی بالیستی دژە کەشتی (ASBM) و دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (UAS) کە لە یەمەنەوە بەرەو کەشتی ئەمەریکی USS Gravely لە دەریای سووردا هەڵدرابوون.
سێنتکۆم ئاماژەی دا: "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سیستەمێکی مووشەکی ئاسمانی گەڕۆکیان لەناوبردووە، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندا بووە، هەر بۆیە دەرکەوتووە ئەم سیستەمانە هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا".
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە هیچ بریندار و زیانێک نەبووە، بەڵام جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان کردەوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بزووتنەوەی "ئەنسارڵڵا"ـی حوسییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن درێژەی بە هێرشەکانی خۆی داوە و "کەشتییە ئیسرائیلییەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل یان ئەوانەی بەرەو ئەو وڵاتە دەڕۆن" دەکاتە ئامانج، بە مەبەستی "پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین لە غەززە، لای خۆیەوە "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێزێکی سەربازییان پێکهێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی حوسییەکان."
فڕۆکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا چەندین هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن دەستپێکردووە، لە کاتێکدا سوپای ئەمەریکا بە جیا لە هەر هاوپەیمانێتی دەریایی لە ناوچەکە ئەرکەکان ئەنجام دەدات.
گروپی حوسی "ئەنساروڵڵا" پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە، 86 کەشتییان کردووەتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەریتانیاوە هەیە، جەختیشی کردەوە کە هێشتا سوپرایزی سەربازی زۆریان هەیە بۆ بەرگریکردن لە یەمەن و پشتیوانیکردن لە فەڵەستین.