ڕۆژنامەیەک: ڕووسیا زۆرینەی وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیای لەناوبردووە
K24 - هەولێر
ڕۆژنامەیەکی "چیک"ـی ئاشکرای کردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا زۆرینەی وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیای گرتووەتەوە.
ڕۆژنامەی "سیزنام زبراڤی"ـی چیکی ڕایگەیاندووە: لە دوایین هێرشەکانی ڕووسیا، زۆرینەی وێستگەکانی کارەبای گەرمی ئۆکرانیا و ژمارەیەک وێستگەی لاوەکی بۆردومان کراوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئەنجامی ئەو لێدانانەدا بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا بۆ چەندین ساڵ لەکار دەکەون، دەشڵێت: هێزەکانی ڕووسیا نزیکەی نیوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ئۆکرانیایان لەناوبردووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، "ڕادەی زیانەکان لەوەدا دیارە کە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا فەرمانی داوە زوو کۆتایی بە وەرزی گەرمکردنەوە بهێرێت".
جێگای سەرنجە کە کۆمپانیای وزەی ئۆکراینی "DTIK" پێشتر ڕایگەیاندبوو کە 80%ـی توانای بەرهەمهێنانی لەدەست داوە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆردومانکردنی وێستگەکانی وزە لە نێوان 22 بۆ 29ـی ئاداردا ڕوویداوە.
سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری ڕووسیا، ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕووسیا لە مانگی ئاداردا 192 هێرشیان ئەنجامداوە و لە هێرشەکانیشدا دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج.
شویگۆ گوتیشی: لە ماوەکانی ڕابردوودا 192 هێرشی بە کۆمەڵ و دوو هێرشی بەرفراوانیان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی زەمینی بۆ سەر ئۆکرانیا کردووە، کە لە هێرشەکاندا دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی وزە لەناوبراون.