لوید ئۆستن داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و شەفاف لە کوشتنی حەفت کارمەندەکەی فریاگوزاری دەکات

K24 - هەولێر

پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە، هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت بۆ پاراستنی کرێکارانی فریاگوزاری لە فەڵەستین و خەڵکی مەدەنی لە غەززە، دوای ئەوەی چەندین جارلە هەماهەنگیکردندا شکستی هێناوە.

ئەمەش لە دوای هێرشێکی ئیسرائیل دێت کە لەم هەفتەیەدا حەوت کارمەندی ڕێکخراوی فریاگوزاری چێشتخانەی ناوەندی جیهانی لە غەززە کوژران.

لە بەیاننامەیەکی پێنتاگۆندا هاتووە، لوید ئۆستن لەڕێگەی تەلەفۆن قسەی لەگەڵ یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل کردووە و "توڕەیی خۆی دەربڕیووە بەرانبەر بە بۆرومانکردنی کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکانی "وۆرڵد سەنتەر کیچن" کە لە ئەنجامدا حەفت کارمەندی فریاگوزاری کوژران، کە یەکێکیان ئەمەریکییە".

هەروەها ئۆستن داوای لە گالانت کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی "بەپەلە و شەفاف" ئەنجام بدات و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە کوشتنی ئەو کارمەندانە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات، کە ئەمەش یەکەم پەیوەندییە لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کارمەندانی ڕێکخراوی فریاگوزاری "WCK".

دوێنێ چوارشەممە، ئەفیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆڕمی ئێکس گرتە ڤیدیۆیەکی هێرتسی هالیڤی بڵاوکردەوە کە قسە لەسەر ڕووداوی کوشتنی کارمەندانی "WCK"  دەکات و دەڵێت: "ئەو ڕووداوە ترسناکە، لە ئەنجامی هەڵەیەکەوە ڕوویداوە، کە لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەوکەسانەدا کراوە، هەروەها ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین و وانەی لێوەردەگرین".

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکخراوی "WCK"، کوژرانی حەفت کارمەندی ڕێکخراوەکەیانی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، کە ئیسرائیل بۆردومانی کردوون، ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندەکان خەڵکی ئوسترالیا، بەریتانیا، پۆلەندا، کەنەدا، ئەمەریکا و فەڵەستینن و دوای ئەو ڕووداوەش، تەواوی کارە مرۆییەکانیان لە کەرتی غەززە ڕاگرت.