هەشتەمین کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکرات لە کوردستان دەستی پێکرد
K24 – هەولێر
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات ڕایگەیاند، دوای ڕاپۆرتی سیاسی سەرۆکی پارتی سۆسیالست، لیژنە سەرپەرشتیاری کۆنگرە دەست بەکارەکانی دەکات و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن دیاری دەکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024، د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سیاسی سەرۆکی پارتی سۆسیالست، لیژنە سەرپەرشتیاری کۆنگرە دەست بەکارەکانی دەکات و پەیڕەو و پڕۆگرام پەسەند دەکرێت، لە دوا قۆناغدا سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆنگرەدا پەسەند دەکرێت.
بەگوتەی ئەو، "پێش کۆنگرەکە هەموو جۆرە کێشەو گرفتێکی حزبەکە کۆتایی هاتووە، چونکە ئەوەی ئێمە ڕامانگەیاندبوو وردە کێشە بوو، بە هاوکاری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو کێشەیە گەورە کرابوو، ئەویش لە ئێستەدا کۆتایی پێهاتووە."
ئەو هەڤاڵانەی کە سڕکرابوون بۆ کۆنگرەکە پێمان ڕاگەیاندون، عەبدوڵاحاجی مەحموود کە دەرکرابوو مافی ئەوەی نەبوو بەشداری بکات، چونکە دەرفەتێک خرابوویە بەردەمی ئەو دەرفەتەی نەقۆستەوە، دواجار فەرمانی دەرکردنەکەی پەسەند کراو لە حزبەکە دەرکرا و کۆمسیۆنیش لای خۆیەوە پەسەندی کرد، بۆیە ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی بە پارتی سۆسیال دیموکراتەوە نەماوە.
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ سەرۆک هەڵدەبژێرین و تاکو ئێستەش هیچ کەسێک نەی گوتووە خۆم هەڵدەبژێرم، بەڵام بۆ ئێمە و ئەندامانی پارتی سۆسیال دیموکرات مانەوە محەممەدی حاجی مەحموود وەکو سەرۆک، پێویستییەکی هەنووکەیی و گرنگە بۆ پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بۆ هەروەها بۆ گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، چونکە جەماوەری کوردستان و لایەنە سیاسییەکان پێگەی ئەو ڕۆڵی ئەو کە دەیگێڕێت لە ئاشتەوای ناو ماڵی کوردی مانەوەی گرنگی زۆری دەبێت".
دەشڵێت: "ئومێد دەکەین هەموو لایەنەکان بکەونە ڕێكکەوتن، پێشبینیشمان ئەوەیە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ بە هاوکاری لایەنەکان و یوئێن دەکەونە ڕێککەوتن، لەدوای ڕێککەوتنیش هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت."
حزبی سۆسیالیست حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام دەست پێکرد. لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکەدا ناوی حزب گۆڕدرا بۆ "پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان"، هەروەها لۆگۆی فەرمی حزبەکەش گۆڕانی تێدا کرا.
لە کۆنگرەکەدا محەممەد حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برایشی دوای کشانەوەی ڕکابەرەکانی، بە جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.
لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، 39 ئەندامی سەرکردایەتی حزب هەڵبژێردران، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش 11 کەسیان بۆ مەکتەبی سیاسیی حزبەکە هەڵبژارد.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 دوای جیابوونەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و ڕەسوول مامەندەوە دامەزرا و خەباتی چەکداریی لە دژی رژێمی بەعس ڕاگەیاند. دواتر و لە ساڵی 1979 بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیابوونەوە و هاتنە بەرەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان هەر لە باشووری کوردستان یەکێکیش لەو ئەندامانە، محەممەد حاجی مەحموود بوو، کە ئێستا سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە.