مەسرور بارزانی: جینۆسایدی کوردی فەیلی بەشێکە لەو تاوانانەی بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردستان ئەنجامدرا
K24 - هەولێر
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلی رایدەگەیەنێت، "جینۆسایدی کوردی فەیلی، تاوانێكی لەبیر نەکراوە و بەشێکە لەو تاوانانەی کە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردستان ئەنجامدرا".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 44ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "لە (44)مین ساڵڤەگەڕی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو ئەو خوشک و برایانەی کوردی فەیلی دەکەینەوە کە لە شاڵاوێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق، تەنیا لەبەر کوردبوونیان و پشتگیریکردنی شۆڕشی گەلی کوردستان، دووچاری گرتن و کوشتن و بێسەروشوێنکردن و لێسەندنەوەی ناسنامە بوونەوە".
وەکو ئەوەی لە پەیامەکەدا هاتووە، "جینۆسایدی کوردی فەیلی، تاوانێكی لەبیر نەکراوە و بەشێکە لەو تاوانانەی کە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردستان ئەنجامدرا".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت، "حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێیتی ئەخلاقی و دەستووری خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کوردی فەیلی و هەموو قوربانیانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس بکاتەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە، "لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین".