فشارێکی زۆر لە بەریتانیا دەکرێت تاوەکو فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل ڕابگرێت

وێنەی ئۆتۆمبێلی تیمی فریاگوزاری "وۆرڵد سەنتەر کیچن"  (AFP)
وێنەی ئۆتۆمبێلی تیمی فریاگوزاری "وۆرڵد سەنتەر کیچن" (AFP)

K24- هەولێر

حکوومەتی بەریتانیا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری سیاسی بووەتەوە تاوەکو فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل ڕابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حەفت کارمەندی فریاگوزاری "WCK" کە سێیان بەریتانی بوون لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل دا کوژران.

سێ دادوەری پێشووی دادگای باڵا لەگەڵ 600 پسپۆڕی یاسا لە بەریتانیا، داوایان لە حکوومەت کردووە، فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل ڕابگرێت، چونکە پێیان وایە وڵاتەکەیان لە کۆمەڵکوژی کەرتی غەززە تێوەدەگلێت.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نوێنەرانی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا داوایان لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ریشی سوناک کردووە، سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل ڕابگرێت.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە کەرتی غەززە، تیمی فریاگوزاری "وۆرڵد سەنتەر کیچن"ـی بۆردومانکرد و حەفت کەسی کوشت، کە هاوکاری خۆراکیان دەگەیاندە خەڵک. ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.