ڤیان سەبری: ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا دڵخۆشکەر بوو
K24 - هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەکو نوێنەری خەڵكی کوردستان زۆر خۆشحاڵ بووین بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کرا.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، "ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەکو نوێنەری خەڵكی کوردستان زۆر خۆشحاڵ بووین بەو ڕێککەوتنەی دوایی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کرا". چونکە داواکاریی ئێمە هەر ئەوەبووە کە مووچەی فەرمەنبەران لەکاتی خۆیدا بگاتە دەست فەرمانبەران.
ڤیان سەبری گوتیشی: بێگومان ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان دڵخۆشکەر بوو، هەروەها ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکردنی ئەو کێشەیە دیار بوو، دەشڵێت، دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئێمە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە "ئینفاقی فیعلی" دەربێنین بیخەینە سەر "ئینفاقی حاکیمە" بێگومان زۆر باش دەبێت، وە پێویستیشە ئەو پرۆسەیە بکەین، بۆیە پێویستە دوای جەژنی ڕەمەزان بابەتی هەموارکردنەوەی بودجە یەکلا بکرێتەوە.
پەرلەمانتارەکەی بەغدا ڕاشیگەیاند، پێویستە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکەوە کار بکەین بۆ ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا.
باسی لەوەش کرد، لە دەستووردا نەهاتووە، کە حکوومەتی عێراق مووچە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، بەڵکو لە دەستووردا هاتووە دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، واتە پێویستە بەشێکی داهاتی حکوومەتی فیدراڵ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ڤیان سەبری دەشڵێت: حکوومەتی عێراق زۆر پشکی دیکەی هەرێمی کوردستانی بڕیووە، بۆ نموونە بودجەیەکی ساڵانە هەیە پێی دەڵێن "بودجەی فریاکەوتن" کە ئێمەش مافمان هەیە وەری بگرین، دەبوایە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ڕووداوی لافاوەکە و سووتانی بازارێ چەلێ لە دهۆک بکردبوایە، بەڵام نەیکرد.
لەسەر بابەتی هەژماری من پەرلەمانتارەکە گوتی: پێویستە هەر فەرمانبەرێک هەژمارێکی بانکی هەبێت، بۆیە هەژماری من و تەوتین یەک پرۆسەیە، هەروەها تێچووی هەژماری من زۆر کەمە. ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەی هەژماری من بە ڕەزامەندی بانکی ناوەندیی عێراق بووە.