به‌ ته‌مه‌نترین پیاوی جیهان نهێنییه‌كانی ته‌مه‌نی درێژ ئاشكرا ده‌كات

جۆن ئەلفرێد تینسوود
جۆن ئەلفرێد تینسوود

K24 – هەولێر:

به‌ پێی کتێبی گینس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان، پیاوێكی به‌ریتانی بووه‌ به‌ ته‌مه‌نترین پیاوی جیهان، دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو خوان ڤیسێنتی پێرێز كۆچی دوایی كرد.

کتێبی گینس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان ڕایگه‌یاند، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو خوان ڤیسێنتی پێرێز له‌ ته‌مه‌نی 114 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، كه‌ ئه‌و به‌ته‌مه‌نترین پیاوی جیهان بووه‌.

کتێبی گینس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، جۆن ئەلفرێد تینسوودی بەریتانی ته‌مه‌نی 111 ساڵ و 224 ڕۆژه‌ و دوای خوان ڤێسێنتی به‌ ته‌مه‌نترین پیاوی جیهان داده‌نرێت.

جۆن ئەلفرێد له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كتێبی گینس گوتوویه‌تی، یان تەمەن درێژ دەژیت یان ته‌مه‌ن کورت دەژیت، له‌م نێوه‌نده‌یشدا ده‌كرێت زۆر شت هه‌بێت.

تینسوود، جگەرە ناکێشێت، بە دەگمەن مەی دەخواتەوە و هەموو هەینییەک ماسی سوورکراوە و په‌تاته‌ی سووركراوه‌ دەخوات.

ناوبراو ئاشکرایشی کردووە، نهێنی تەمەندرێژی "تەنیا بەختە"، و هه‌ندێك جاریش شێوازی ژیانێكی ته‌ندروسته‌، هەروەها ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كات كه‌ له‌ ژیانیاندا ئارام و میانڕەو و هه‌موو كات دڵخۆش و گه‌شبین بن.

جۆن ئەلفرێد سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشاوه‌، كه‌ مرۆڤ له‌ ژیاندا ده‌بێت كه‌م بخوات و كه‌م بخواته‌وه‌، له‌ خه‌و و به‌ئاگاییدا زێده‌ڕۆیی و كه‌مته‌رخه‌می نه‌كات، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ئازار به‌ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن.

جۆن ئەلفرێد تینسوود لە 26ـی ئابی 1912 لە شاری لیڤەرپولی ئینگلیزی لە دایک بووە و شاهێدی بینینی هه‌ر دوو جەنگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م بووه‌ و به‌ته‌مه‌نترین سه‌ربازی به‌ریتانیشه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌ و به‌شداری هه‌ر دوو جه‌نگه‌ جیهانییه‌كه‌ی كردووه‌.

Fly Erbil Advertisment