قایمقامی سیدەکان: پێویستمان بە 20 قوتابخانەی دیکە دەبێت

بۆ دانیشتووانی سیدەکان، ئەم هەواڵە دڵخۆشکەرە بۆ منداڵەکانتان، ئەوانەی دەخوێنن، خوێندن و پەروەردە بناخەی دروستکردنی داهاتوویەکی باشترن، بۆیە هەر قوتابخانەیەکی نوێ واتە دەرفەتێکی زیاتر بۆ منداڵان و هەنگاوێک بەرەو داهاتوویەکی روونتر. ئێستا کارکردن بۆ تەواوکردنی 18 قوتابخانە لە سیدەکان دەستپێدەکاتەوە و هاوکات سنوورەکە پێویستی بە 20 قوتابخانەی دیکەیە.

ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان، بە کوردستان24ی راگەیاند، ساڵی رابردوو دروستکردنی 18 قوتابخانە دەستیپێکردووە و بڕیارە ئەمساڵ تەواو بکرێن. ئێستا هەیکەلی باڵەخانەی 10 قوتابخانە تەواو کراوە و تەنیا دەرگا و پەنجەرەیان ماوە، هەروەها بڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی دروستکردنی هەشت قوتابخانەی دیکە دەستپێبکاتەوە و تەواو بکرێن.

گوتیشی، دوای تەواوبوونی ئەو 18 قوتابخانەیە، پێویستییان بە 20 قوتابخانەی دیکە و فراوانکردنی چەندین قوتابخانە هەیە، بەتایبەت لە گوندەکان و ئەو قوتابخانانەی سەریان خۆڵە و کەڵکی خوێندنیان نەماوە. دەشڵێت، تەنیا لە سەنتەری قەزای سیدەکان پێویستییان بە دوو قوتابخانەیە؛ یەکێکیان 12 پۆلی و یەکێکی دیکەیان 18 پۆلی. قایمقامی سیدەکان راشیگەیاند، بە تەواوبوونی ئەو قوتابخانانە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە سنوورەکە دەچێتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو و تا رادەیەکی باش کێشەکان چارەسەر دەبن.

بەگشتی 61 قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سنووری قەزای سیدەکان هەن و هەزاران قوتابی و مامۆستا لەو قوتابخانانە پرۆسەی خوێندن بەڕێوە دەبەن.