ئاگر لە سەکۆیەکی نەوتی مەکسیک کەوتەوە

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە سەکۆیەکی نەوتی دەریایی لە کەنداوی مەکسیک، نۆ کەس بە سەختی بریندار بوون.

کۆمپانیای وزەی حکوومی مەکسیک "Pemex" ڕایگەیاند، ئاگرەکە لە یەکێک لە سەکۆکانی لە کەنداوی مەکسیک کەوتووەتەوە و نۆ کرێکار بەسەختی بریندار بوونە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاگەیەندراوێکی ئەو کۆمپانیایە حکوومییە بڵاوی کردەوە، دوو کەس لە بریندارەکان لە هەمان کۆمپانیا کار دەکەن و حەوت کەسەکەی دیکەش کرێکاری کۆمپانیاکانی دیکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرجەم بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، و ئێستە هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە.

ئەو زانیارییانەی ئێستە بەردەستن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاگرەکە درەنگانی ئێوارە لە بەشێک لە سەکۆی "Akal B" کە بۆری غازی لێیە کەوتۆتەوە.

لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لە سەکۆیەکی دەریایی سەر بە کۆمپانیای نەوت و غازی دەوڵەتی Pemex لە کەناراوەکانی کامپێچی لە کەنداوی مەکسیک کەوتەوە و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.