لە تورکیا دەیان ئەندامی داعش دەستگیرکران

"چوونی هاووڵاتیانی تاجیکستانی بۆ تورکیا، بەبێ ڤیزا هەڵوەشێنرایەوە"

K24 - هەولێر

هێزەکانی دژەتیرۆری تورکیا، 48 ئەندامی ڕێکخراوی داعشیان دەستگیر کرد کە 30 ئەندامیان پەیوەندییان بە هێرشەکەی سەر کڵێسای کاسۆلیکی "سانتا ماریا" لە ئیستانبوڵ هەبووە کە لە 28ـی کانوونەی دووەمدا ڕوویدا، هەروەها 18 ئەندامی ئەو ڕێکخراوە لە ئەنقەرەی دەستگیر کراون.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەو هەڵمەت و پشکنیانەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و بەشی دژە تیرۆرەوە بەڕێوەچوون، سەبارەت بە چالاکیی شانەکانی داعش، 48 تۆمەتبار دەستگیرکران، کە 30 کەسیان لە ئیستانبوڵ دەستگیر کران، کە پەیوەندییان بەو چەکدارانەوە هەبووە، کە لە 28 کانوونی دووەم، هێرشیان کردە سەر کڵێسای کاسۆلیکی "سانتا ماریا" لە ئیستانبوڵ.

یەرلیکایا، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنقەرە 18 کەسی دیکە دەستگیر کراون کە گومانیان لێ دەکرێت سەر بەو ڕێکخراوە بن، جەختیشی کردەوە، خەبات بۆ ئاشتی و یەکڕیزیی لە وڵاتدا بە ئیرادە و هەوڵی زیاتری هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبێت.

مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو، دادگای تورکیا بڕیاریدا بە زیندانیکردنی 25 تۆمەتبار و ئازادکردنی نۆکەسیان بەمەرج، کە دەستیان هەبووە لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر کڵێسای "سانتا ماریا" لە ناوچەی ساریر لە ئیستانبوڵ، کە لەلایەن ئەو دوو ئەندامەی داعشەوە ئەنجامدرا، ئەمیر جۆن خالیکۆڤی تاجیکی و دەیڤید تاندیڤی ڕووس، کە تۆمەتبار کرابوون بە "لایەنگری داعش" و "کوشتنی بە ئەنقەست"، هەروەها ڕەوانەی سەنتەری دیپۆرتکردنەوە کراون.

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا 147 ئەندامی داعشیان دەستگیر کرد، هەروەها 17 کەسی دیکەی دەستگیر کرد کە خۆیان بە داعشی "ویلایەتی خۆراسان" ناساندووە.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ڕۆژنامەی فەرمی تورکیا، فەرمانێکی سەرۆکایەتیی بڵاوکردەوە، کە ئیمزای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای لەسەر بوو، بڕیارەکە چوونی هاووڵاتیانی تاجیکستان بۆ تورکیا، بەبێ ڤیزا قەدەغە دەکات.

ئەو ڕاپۆرتانەی لە لایەن میدیاکانی تورکیاوە بڵاوبوونەتەوە ئاشکرایان کردووە، دوو لە بکەرانی هێرشە تیرۆریستییەکەی "کرۆکۆس" کە لەم دواییانەدا لە ڕووسیا ڕوویدا، لە ماوەی مانگی یەک تا مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو سەردانی ئیستانبوڵیان کردووە و لە هۆتێلەکاندا ماونەتەوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت چییان کردووە.

Fly Erbil Advertisment