ناتۆ مانۆڕی سەربازی دەکات
K24 - هەولێر
ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز بڵاوی کردەوە کە داریل ویلیامز، فەرماندەی سوپای ئەمەریکا لە ئەوروپا، پێی ڕاگەیاندوون، ئەو مانۆڕە سەربازییانەی لە بەهاری ئەمساڵدا لەلایەن وڵاتانی هاوبەشی ناتۆ لە ئەوروپا بەڕێوەدەچن، "بە کردەیی" دژی ڕووسیایە.
ویلیامز ئاماژەی دا، مەشقەکانی بەهاری ئەمساڵی ناتۆ گەورەترین مەشق دەبێت لەدوای جەنگی ساردەوە. گوتیشی، "لە ڕابردوودا لە کاتی مەشقی هاوشێوەدا، "ناوی دوژمن نەدەهات" دوژمنەکە هەمووکات خەیاڵی بوو."
ئەو فەرماندەیە ئاشکرای کرد، ئەمساڵ مانۆڕەکان دژی ڕووسیا ئەنجامدەدەین، خۆمان بۆ هەموو هێرشێک ئامادە دەکەین.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئەو مەشق و ڕاهێنەنای ئەنجامدەدرێت، تێیدا ئامانجیان ئەوەیە بزانرێت "ململانێکان لەنێوان خۆیان و زلهێزەکان" چۆن بن. هەروەها، بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی پلان بۆ شەڕی ئەلیکترۆنی دادەنێن، لەوانە چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە "هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی گشتی".
ئەوشی خستە ڕوو، ئەگەر ناتۆ و ڕووسیا بچنە شەڕەوە، ئەوا هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ سەرەتا دەستپێشخەری دەکەن بۆ وڵاتانی باڵتیک، ئیستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیا، کە لایەنی ڕۆژهەڵاتی ناتۆن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دزەکردنی هێزەکانی ڕووسیا بکەن.
بڕیارە سبەی 26ـی نیسانی 2024، لە فینلاند کە نزیکە لە سنووری ڕووسیا و فینلاند، مانۆڕەکانی ناتۆ دەست پێبکەن.
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ماریا زاخارۆڤا، پشتڕاستی کردەوە کە مانۆڕەکانی داهاتووی ناتۆ لە فینلاند لە نزیک سنووری ڕووسیا و فینلاند "ئیستفزازین". بەوەی "پاساوێکە بۆ نوێنەرانی ناتۆ بە ئەنقەست گێچەڵ و هەڕەشە بە ڕووسیا بکەن، هەروەها تاکو هەندێک پلانی ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بڵاو بکەنەوە".