بلینکن: پیشنیازێکی زۆر باش لەبەردەم حەماسە پێویستە بەخێرایی بڕیار بدات

ئەنتۆنی بلینکن لە ڕیاز
ئەنتۆنی بلینکن لە ڕیاز

K24- هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دژایەتیی واشنتنی دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح دووپات کردەوە و هیوای خۆی دەربڕی بۆئەوەی "حەماس بڕیارێکی دروست" سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە بدات.

بلینکن لە میانی کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە ڕیاز ڕایگەیاند، واشنتن پلانێکی لە ئیسرائیلەوە پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح تاوەکو پارێزگاری بۆ خەڵکی سڤیل دابین بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هیوای خواست، کە بزووتنەوەی حەماس بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان ڕازی بێت، کە بە "زۆر بەخشندە" وەسفی کردووە.

 ئەنتۆنی بلینکن گوتیشی: بزووتنەوەی حەماس پێشنیارێکی زۆر بەخشندەی لەلایەن ئیسرائیلەوە پێ گەیشتووە، دەشڵێت: "دەبێت بڕیار بدەن، دەبێت بە خێرایی بڕیار بدەن"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "هیوادارم بڕیاری دروست بدەن".

 ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیارە بزووتنەوەی حەماس وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازێک لەسەر ئاگربەستی شەڕی غەززە بخاتە ڕوو، کە گەمارۆدراوە و هەڕەشەی برسێتی لەسەرە، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە قاهیرە لە نێوان میسر و قەتەر و حەماس بەڕێوە بچێت.

 بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێس ڕاگەیاند، "کەش و هەوا ئەرێنییە مەگەر ئاستەنگی نوێی ئیسرائیلی نەیەتە پێش، ئەم پێشنیازە لە لایەن میسرەوە داڕێژراوە و ئیسرائیلیش هەمواری کردووەتەوە.