لە هێرشی چەکداریدا بۆ سەر مزگەوتێکی ئەفغانستان شەش کەس کوژران
K24 - هەولێر
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند، لە هێرشی چەکدارێک بۆ سەر مزگەوتێک لە پارێزگای هێرات لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان، شەش کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
لای خۆیەوە عەبدولمەتین قانی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، لەتۆڕی کۆمەڵایتی "X" نووسیویەتی، چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لە نوێژخوێنانی مەدەنی لە مزگەوتێکی ناوچەی گۆزارا، ڕۆژئاوای شاری هێرات، کردووە.
گوتیشی، "بەهۆی ئەو تەقە کردنە لە ئەنجامدا شەش هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە."
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "بەختار"ی سەر بە حکوومەتی ئەفغانستان هەمان ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشەی لە پارێزگای هێراتدا بڵاوکردەوە. و ڕایگەیاند تا ئێستە هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.
ئاماری تەقینەوەکان و هێرشە خۆکوژییەکان لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی وەرگرتەوە لە مانگی ئابی 2021 و ئاسایشی بەشێوەیەکی بەرچاو زاڵبووە، بەڵام ژمارەیەک گروپی چەکداری وەک داعش هێشتا مەترسییان لەسەرە.