کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران: دۆخی کرێکاران خراپتر و ناڕەزاییەکان زیاتر بوون

خۆپیشاندانی خانەنشینانی ئێران
خۆپیشاندانی خانەنشینانی ئێران

K24 - هەولێر

کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ڕاپۆرتێکی بەراوردکاری نێوان دوو ساڵی لە سەر دۆخی کرێکاران بڵاوکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دۆخی کرێکارانی ئێران لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی پێشووتر زۆر خراپتر بووە و ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنەکانیش زۆر پەرەیان سەندووە.

کۆمەڵەی لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە لە 12 مانگی ڕابردوودا لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، 1680 کرێکار لە کاتی کارکردندا بەهۆی ڕووداوی جیاواز مردوون کە 1514 کەسیان لە 10 ڕاپۆرتی فەرمیدا ناویان هاتووە، بەڵام لایەنە حکوومییەکان تەنیا ناوی 166 کرێکاریان بڵاوکردووەتەوە.

ئامارەکانی مردنی کرێکارەکان بەمجۆرە پۆلێن کراوە:

- کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوە 24%

- ئاگرکەوتنەوە 20%

- ڕووخانی بیناو باڵەخانەکان 10%

- بەهۆی پێکان 8%

- ڕووداوەکانی کارگە پیشەسازییەکان 8%

- خنکان لە ناو بیردا 7%

- کارەبا 5%

هەر لەو ماوەیەدا 8199 کرێکار لە کاتی کارکردندا بریندار بوون کە لەم ژمارەیە ناوی 7517 کەسیان لە هەشت ڕاپۆرتی فەرمیدا ئاشکرا کراوە، بەڵام تەنیا 682 کرێکار لە راپۆرتی لایەنە ناحکوومییەکاندا ناویان هاتووە.

کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەیداوە لە دوازدە مانگی ڕابردوودا 84 هەزار 226 کرێکار کێشەی دواکەوتنی مووچەیان هەبووە:

- دامەزراوە گشتییەکانی (حکوومی) 54%

- دامەزراوە تایبەتەکان 31%

- کەرتی وزە 4%

- ئاشکرا نەبوونی شوێنی کاری 11% ی کرێکارەکان

لەو ماوەیەدا 528 خۆپیشاندان و گربوونەوە لە لایەن سەندیکا و کۆمەڵەی کرێکارییەکانەوە ڕێکخرابوو کە بەراورد بە ساڵی پێشووتری 100% زیاتر بووە، هەروەها 1448 خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە لایەن ڕێکخراوە پیشەییەکانەوە ڕێکخراوە کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر 90% زیاتر بووە.

لە 12 مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوە کرێکارییەکان 97 جار مانگرتنیان کردووە کە 14% زیاتر لە ساڵی پێشووتر بووە و ڕێکخراوە پیشەییەکانیش 37 مانگرتنیان بەڕێوە بردووە کە 90.6% زیاتر لە ساڵی پێشووتر بووە.

بە هۆی ئەم چالاکییانەوە 51 کرێکار دەستگیرکراون و 48 کەسیان دادگایی کراون و لە ئەنجامدا 26 کەس سزای زیندان و قەمچی و پێبژاردنیان بۆ بڕاوەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە 12 مانگی ڕابردوودا 10 کرێکار خۆیان کوشتووە.

هەر لەم ماوەیەدا 47 کارگەی پیشەسازی داخراون، کە بەهۆیەوە 3188 بێکار بوون. هەروەها 2514 کرێکاریش لە کارەکەیان دەرکراون. دوو ملیۆن و 272 هەزار و 461 کرێکاریش بە بێ بوونی بیمە کاریان کردووە.

 

 

Fly Erbil Advertisment