زیاتر لە 20 ساڵە دانیشتوانی بۆکان بە کۆمەڵ وەرزشی بەیانیان دەکەن

K24 - هەولێر

لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 20 ساڵە هاووڵاتییان بەیانیان بۆ وەرزش لە پارکەکان کۆ دەبنەوە. ئێستا هەموو بەیانییەک لە پێنج شوێنی ئەم شارەکە دەیان ئافرەت و پیاو ڕاهێنان و وەرزش دەکەن و ڕاهێنەرەکانیشیان بە شێوەی خۆبەخشانە هاوکارییان دەکەن. ئافرەتان لەم چالاکییە وەرزشییە بەکۆمەڵەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان هەیە.

هەموو بەیانییەک کۆمەڵێک ئافرەت و پیاوی دانیشتوی بۆکانی بۆ وەرزشکردن لە پارکێکی قەراغ چەمی شارەکە کۆ دەبنەوە.

حەمید ئەحمەدی کە ڕاهێنەرێکی خۆ بەشی وەرزشوانەکانە، 20 ساڵ لەمەوبەر بە تەنیا لەم شوێنە دەستی بە وەرزشی بەیانییان کردووە و وردە وردە کەسانی دیکەشی لە هەر دوو ڕەگەز لە دەوری خۆی کۆ کردووەتەوە.

ئێستا پاش دوو دەیە و هەوڵی بەردەوام، هەموو بەیانییەک لە قەراغی چەمی بۆکان و لە چوار شوێنی دیکەی شارەکە، هاووڵاتییان کۆ دەبنەوە و بە دەم گوێگرتن لە ئاواز و میوزیکی کوردییەوە وەرزش دەکەن.

حەمید ئەحمەدی، ڕاهێنەری وەرزشی دەڵێ "نزیکەی 30 ساڵ دەبێت ڕاهێنەرایەتی دەکەم، لێرەش نزیکەی 20 ساڵێکە وەزشی بەیانیان دەکەین، سەرەتاکەشی هەر بە تەنیا بووم بەڵام دواتر ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان هاتن و بەشداری وەرزشەکە بوون و ئێستاش لە تەواوی بۆکان پێنج شوێنی دیکەی وەرزشی بەیانیانمان هەیە".

ئەم چالاکییە وەرزشیانە بی بەرانبەرن و ڕاهێنەرەکانیش کە ئێستا ژمارەیان زۆرتر بووە بە بێ بەرانبەر ڕاهێنان بە وەرشڤانان دەکەن. ئەم گرووپە جیا لە وەرزشی بەیانییان، لە ڕۆژانی حەفتەدا پێکەوە دەچنە شاخەوانی و بۆ گەشت و سەیرانیش ڕوو لە ناوچە گەشتیاری و سروشتییەکانی کوردستان دەکەن.

لە بارەی وەرزش کردنەکەیانەوە جەعفەر مرۆتی، دانیشتووی بۆکان دەڵێ" سەرەتا سێ بۆ چوار کەس بووین لە سەر ئەم پردە دەستمان کرد بە وەرزشکردن، دواتر پەیتا پەیتا خەڵکی دیکەش هاتن و لەگەڵمان بەشداربوون لە وەرزش کردن ئێستاش بووەتە کۆمەڵەیەکی فراوانی وەرزشی، جیا لەم وەرزش کردنە گەشتی دەرەوەشمان هەیە و هەندێکجار دەچینە کوێستانەکانیش".

 ئەوەی لەم وەرزشە بەکۆمەلەدا زۆر سەرنجڕاکێشە، بەشداریی بەرچاو و کارای ئافرەتان لە چالاکییەکاندایە. ئەوان دەڵێن بیست ساڵ لەمەوبەر کە پیاوەکان دەستیان بە وەرزش کردووە، بە شەرەمەوە لێیان نزیک بوونەتەوە بەڵام کاک حامیدی ڕاهێنەر بانگی کردوون و هانی داون بۆ بەردەوامبوون.

خانمە وەرزشکارێکیش بە ناوی نازدار دەستپەیمان، دانیشتووی بۆکان دەڵێ"سەرەتا ئێمە هەشت ئافرەت بووین و بەردەوام بۆ پیادەڕەوی دەچووین، دواتر ئەم ڕاهێنەرەمان بینی لە سەر پردەکەی چەمی بۆکان لەگەڵ چەند پیاوێک وەرزشیان دەکرد و بانگی کردین، سەرەتا شەممان دەکرد، بەڵام ئەوە زیاتر لە 20 ساڵە بەیەکەوە هاوشانی پیاوەکان وەرزش دەکەین".

لە شاری بۆکان، وەرزشی بەیانیان ساڵەهایە بووەتە بەشێک لە کولتووریی گشتیی کۆمەڵگا و جیا لەوەی ئیستا لە پێنج شوێنی ناو شار هاووڵاتییان بە کۆمەڵ وەرزش دەکەن، سەدان کەسیش هەموو بەیانییەک بۆ وەرزش ڕوو لە گوندی کۆستە و شاخی بەردەزەرد دەکەن کە چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەوە دوورە.

Fly Erbil Advertisment