وڵاتانی کەنداو.. کەشوهەوا و بارانی بەخوڕ بووەتە هۆی وەستانی خوێندن و کار

K24 - هەولێر
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، باو بارانێکی بەهێز ڕووی لە وڵاتانی کەنداو کردووە، کە لە هەندێک وڵات بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن و کار، هەروەها داخستنی زۆرێک لە ڕێگا و تونێلەکان، هاوکات سەنتەری نیشتمانی کەشناسی لە سعوودیە "دۆخی سوور"ـی ڕاگەیاندووە لە ناوچەکانی باکووری ولاتەکەی.
سعوودیە
ناوەندی نیشتیمانی کەشناسی لە سعوودیە پێشبینیی کردبوو، هەورەتریشقە و بارانی بەخووڕ لە زۆربەی ناوچەکانی سعوودیە بەردەوام بێت، هەروەها پیشبینی دروستبوونی تەم و مژی کرد کە توانای بینین سنووردار دەکات، هاوکات بەرگری شارستانی داوای لە هاوووڵاتیانی کردووە پابەندبن بە ڕێنماییەکان و دوور بکەونەوە لە لافاو و دۆڵەکان.
بەشی پەروەردە لە ژمارەیەک ناوچەی سعوودیە، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "مەدرەسەتی" و پلاتفۆرمی "رەوزەتی" ئاگاداری سەرجەم قوتابیان و کارمەندانی قوتابخانەکانی کردووەتەوە، لە پێناو سەلامەتی هەموو لایەک. خوێندنیان کردووەتە ئۆنلاین.
لە پارێزگای ڕۆژهەڵاتی سعوودیە، سکرتاریەتی پارێزگای ڕۆژهەڵات بە هاوکاری لەگەڵ بەشی هاتوچۆی پارێزگای ڕۆژهەڵات، تونێلەکانی ڕێگای شا فەهدی لە دەمام داخست، بەهۆی ئەو بارودۆخە توندەی باران بارین کە ناوچەکە شاهیدییە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە داخستنی ئەو ناوچەیە ئەنجامدراوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ سەلامەتی ئەو شۆفێرانەی کە بە ڕێگاکەدا دەڕۆن، و تونێلەکان دەکرێنەوە کاتێک بارودۆخی کەشوهەوا سەقامگیر بوو.
لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر کەشوهەوا لەلایەن سەنتەری نیشتمانی کەشناسیەوە ئاشکرایکردووە، ڕێژەی بارانبارین لە هەندێک ناوچەی وڵات بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە ناوچەکانی دیکەش کەمبووەتەوە.
ئیمارات
لای خۆیەوە ئیمارات ئاستی ئامادەیی خۆی و سیستەمی نیشتمانی بەرزکردۆتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە کەشوهەوایەی لە وڵاتەکەدا ڕوودەدات، بەمەبەستی دڵنیابوون و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوخۆیی .
دستەی نیشتمانی فریاگوزاری و قەیران و کارەسات لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کۆبوویەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی چالاککردنی پلانی بەردەوامی بازرگانی و چاودێری و هەڵسەنگاندنی دۆخی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو ناوچەکانی وڵاتدا کرایەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی نیشتمانی فریاکەوتن و قەیران و کارەساتەکان، پێشنیاری ڕاگرتنی سیستەمی خوێندنی بۆ ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە سەرجەم دامەزراوەکانی خوێندن کردووە.
جگە لەوەش پێشنیار کراوە سیستەمی کارکردن لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت بۆ ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بکرێتە ئۆنلاین، جگە لەو کارە گرنگانەی کە پێویستی بە ئامادەبوونی کارمەندان هەیە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەکە بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم ئەو ڕێگایانەی کە دەچنە دۆڵەکان و بەشی ئاوییەکان و بەنداوەکان، ئەمەش بەژۆی دۆخی کەشوهەوای پێشبینیکراوە.

عومان
لە عومان، پێشبینیەکانی "ناوەندی نیشتمانیی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی مەترسییەکان" ئاماژەی بەوە کردووە دۆخی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر پارێزگای زەفار دەبێت کە لە ڕۆژی سێشەممەوە تا شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، هەروەها پێشبینی کردووە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا چڕی بارانەکە زیاد بکات، بە ڕێژەی بارانبارین لە نێوان 30 بۆ 80 ملم.
وەزارەتی پەروەردەی عومان بڕیاریدا سیستەمی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکان لەسەرجەم پارێزگاکان بکاتە ئۆنلاین، جگە لە پارێزگای "ئەلوستا" ئەمەش بەهۆی دۆخی کەشو هەواو باران بارینی بەخوڕەوەیە.
کوێت
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی لەکوێت ڕایگەیاند، وڵاتەکە کاریگەری دۆخی کەشوهەوای لەسەر دەبێت، بەهۆی بارانبارینی پچڕ پچڕ و مامناوەند و هەندێکجاریش بەخوڕ، کە لە هەندێک ناوچەدا ڕەشەبای لەگەڵ دەبێت، هەروەها ئاستی بینین لە هەندێک ناوچەی دیکەدا کەمدەبێتەوە
قەتەر
لە قەتەر، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هۆشداری داوە لە دۆخی کەشوهەوا و لەگەڵ بای بەهێز لەهەندێک ناوچەدا کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز بەسەر هەندێک ناوچەدا.
دەستەی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی و بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ئاگاداری هاووڵاتیانیان کردەوە، وریابن و پابەندی ڕێنماییەکان بن لەکاتی بارانبارین و هەورە تریشقە.
بەحرەین
بەشی کەشناسی لە بەحرەین هۆشداریی دا کە وڵاتەکە تووشی بارانی بەخوڕ و هەورەتریشقە دەبێت، هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کرد پابەندی ڕێنماییەکان بن.