تەندروستیی هەولێر: تیمەکانمان 208 کەسیان لە خنکان رزگارکردووە

  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە شەوی رابردوودا تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا، توانیان 208  هاووڵاتی لە مەترسیی خنکان لە ناو ئاودا رزگار بکەن.

یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026،  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند،  تیمە پزیشکییەکان لە ئێوارەی دوێنێوە تا درەنگانی شەو، شانبەشانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، بەشدارییان لە هەڵمەتی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییاندا کرد و لە شوێنی رووداوەکان چارەسەری سەرەتاییان بۆ پێشکەش کردن.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، لە سنووری هەولێر، 10 تیمی فریاکەوتن بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش کرابوون و توانیان ئەو کەسانە دەربهێنن کە لە ناو ئاوی لافاوەکەدا گیریان خواردبوو.

لە راگەیەنراوەکەی تەندروستیی هەولێردا هاتووە،  لە کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەی رزگار کراون، شەش کەسیان بەهۆی سەختیی دۆخی تەندروستییانەوە پێویستییان بە چاودێریی زیاتر هەبووە و بە خێرایی رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
هاوکات تیمەکانی بەشی کردە پزیشکییەکان  لە ئامادەباشیی تەواودان و لە هەموو کاتێکدا بۆ فریاکەوتنی هاووڵاتییان و پاراستنی سەلامەتییان لە حاڵەتە نائاساییەکاندا هاوکاری و فریاگوزاریی بەپەلە پێشکەشی هاووڵاتییان دەکەن.