سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییانی لافاوەکەی هەولێر دەکات

سەرۆک بارزانی هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی هەردوو قوربانییەکەی لافاوەکەی شاری هەولێر کرد کە بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە گیانیان لەدەستدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی هەردوو هاووڵاتی (محەمەد ڕەسوڵ حەمەدئەمین) و منداڵێک بە ناوی (مستەفا سەركەوت خدر)ـی تەمەن پێنج ساڵان کرد، کە بەداخێکی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوی دوێنێی شاری هەولێر بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا.

لە راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە: "هاوبەشی خەمی هەر دوو خانەوادەی قوربانیانی ئەو رووداوە دڵتەزێنەم و لە خودای گەورە داواكارم سەبر و دڵنەواییان پێ ببەخشێت و ڕۆحی پاکی قوربانیانیش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات."