وەزیری بەرگریی ڕووسیا ئاماری زیانە گیانییەکانی ئۆکرانیا بۆ مانگی نیسان ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی ڕووسیا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئۆکرانیا ڕۆژانە نزیکەی هەزار سەرباز لەدەست دەدات، ئەمەش بەهۆی داواکارییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەتی بۆ بەرگرتن لە  هێرشەکانی سوپای ڕووسیا.

شویگۆ، لە دیدارێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ڕووسیا گوتی: ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی داوا دەکەن ئۆکرانیا ڕێگری لە داڕمانی بەرگریی وڵاتەکەی بکات، هەروەها بەر لە هێرشی هێزەکانی ڕووسیا بگرێت، بەڵام لەمانگی نیساندا هەموو ڕۆژێک هەزار سەربازی لەدەست داوە.

شویگۆ ڕاشیگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا لە ساڵی 2024دا، زیاتر لە 111 هەزار سەربازیان کوژراوە هەروەها 21 هەزار پارچە چەک و کەرەستەی سەربازییان لەدەست داوە.

وەزیرەکەی ڕووسیا گوتیشی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە سوپای ڕووسیا کۆنترۆڵی  547 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی ئۆکرانیا کردووە. هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا ژمارەیەک شارۆچکە ئازاد کراون، لەوانە نۆڤۆپاخموتۆڤکا، سێمێنۆڤکا و بێردیچی لە کۆماری دۆنێتسک.

لە شوباتی 2022دا، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کە دەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون، هەروەها بەشێکی خاکی ئۆکرانیاشی کۆنترۆڵ کرد.