ماریا زاخارۆڤا: مەشق و ڕاهێنانەکانی ناتۆ خۆ ئامادەکردنە بۆ شەڕ دژی ڕووسیا

K24 - هەولێر
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مەشق و ڕاهێنانی سەربازی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ ماوەی چوار مانگ و لە نزیک سنووری ڕووسیا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ناتۆ خۆی بۆ شەڕێکی ئەگەریی لەگەڵ ڕووسیا ئامادە دەکات.
زاخارۆڤا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تۆمەتەکانی ناتۆی لە دژی ڕووسیا ڕەت کردەوە، کە باسیان لەوە کردبوو، ڕووسیا هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ، زاخارۆڤاش دەڵێت: ئەم زانیاریانە هەڵەیە کە ئامانج لێی لادانی سەرنجەکانە لەسەر چالاکییەکانی هاوپەیمانییەکە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ناتۆ بە شێوازی جۆراوجۆر شەڕ دژی ڕووسیا دەکات، بە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بە چەک و زانیاریی هەواڵگری و دارایی، هاروەها "گەورەترین مەشقی ناتۆ لە دوای جەنگی ساردەوە لە ئێستادا لە نزیک سنوورەکانی ڕووسیا بەڕێوە دەچێت"، کە بەگوێرەی زانیارییەکان چالاکییەکانی هاوپەیمانان دژی ڕووسیا بە سوود وەرگرتن لە چەکی جۆراوجۆر ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.
زاخارۆڤا ڕاشیگەیاند، پێویستە دان بەوەدا بنێین کە ناتۆ بە جیددی خۆی بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵ ئێمە ئامادە دەکات.
ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا دەیان ساڵە هەیە، هەروەها هاوپەیمانییەکە لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاندبوو کە 90 هەزار سەرباز بەشداری لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا دەکەن.
ئەم مانۆڕە کە گەورەترین مەشقی ناتۆیە لە دوای جەنگی ساردەوە، بڕیارە لە مانگی ئایاردا کۆتایی پێبێت.