ئیدارەی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بنەبڕکردنی کۆچی نایاسایی 

K24 - هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی بۆ بەشداریی لە گفتوگۆ هەرێمییەکانی پەیوەست بە پرسی کۆچ، دەچێتە گواتیمالا بۆ ئەوەی چوارچێوە و سنوورێکی نوێ بۆ سیاسەتی کۆچ لە ڕۆژئاوای جیهاندا دابڕێژنەوە.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن سبەی سێشەممە 7ی ئایاری 2024، سەرۆکایەتی شاندێک دەچێتە گواتیمالا و لە کۆبوونەوەی هەرێمی گفتوگۆکانی لۆس ئەنجلس بەشدار دەبێت کە تایبەتە بە پرسی کۆچ و لە ساڵی 2022 پەسەند کراوە.

میلەر ئاماژەی داوە، بلینکن باس لەو پێشکەوتنانە دەکاتەوە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بە دەست هاتوون، هەروەها جەخت لە توندترکردنی ڕێکارە یاساییەکان دەکاتەوە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی پرسی کۆچبەران و تێکەڵکردنی پەنابەران و کۆچبەران لە ئەمەریکا.

دانووستانە هەرێمییەکانی پەیوەست بە پرسی کۆچی نایاسایی لە کیشوەری ئەمەریکا لە کاتێکدایە، لێشاوێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەمەریکای ناوەڕاست و ڤێنزوێلاوە بەهۆی هەژاری، توندوتیژیی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە بە ناچاریی و ڕێگەی قاچاخ هەوڵی پەڕینەوە ئەمەریکا دەدەن، بە گوێرەی دەستەی پاسەوانی سنوورەکانی ئەمەریکا لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو تاوەکوو مانگی دووی ئەمساڵ نزیکەی 1.15 ملیۆن کۆچبەری نایاسایی چوونەتە ئەمەریکا، لە نێویاندا نزیکەی 130 هەزار کۆچبەری گۆاتیمالایی بوون کە بە نایاسایی سنوورەکانی مەکسیک و ئەمەریکایان بڕیوە.

هەر لەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ گواتیمالا بڕیارە پاکێجێکی پشتیوانیی دارایی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە ڕابگەیەندرێت کە بەهاکەی 170 ملیۆن دۆلارە و مانگی ئاداری ئەم ساڵ لە دیداری سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی گواتیمالا ڕێککەوتنی لە سەر کرابوو لە پێناو ڕێگری لە کۆچی نایاسایی.

Fly Erbil Advertisment