قائیمقامی هەولێر: بە گوێرەی ئاماری فەرمی 228 دووکانی بازاڕی قەیسەری سووتاون
K24 - هەولێر
قائیمقامی هەولێر دەڵێت، بە گوێرەی ئاماری فەرمی 228 دوکان و حەوت کۆگای بازاڕی قەیسەری سووتاون. ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئێستا هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاشکرا نەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 06-05-2024، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە گوێرەی ئاماری فەرمی و پشتڕاست کراوە کە لەلایەن ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری پێک هێنرابوو، وەرگیراوە؛ 228 دوکان و حەوت کۆگای بازاڕی قەیسەری سووتاون.
قائیمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ئامارەی پێشتر ڕاگەیەنرابوو گوایە زیاتر لە 370 دوکان سووتاون، "ئاماری سەرەتایی بوو و پشتڕاست کراوە نەبوو؛ ئەوەی ئێستا ڕامانگەیاند، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی وردیی لیژنەکە بووە". گوتیشی، ئەو دوکانانەی سووتاون لە ماوەیەکی کەمدا پاک و نووژەن دەکرێنەوە.
لەبارەی ئەوەی کەی ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت سەردانی بازاڕەکە بکەن، نەبەز عەبدولحەمید ئەوەی خستەڕوو، "هەر کاتێک ڕێکارە ئەمنی، کارگێڕیی و خزمەتگوزارییەکان تەواو بوون، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت سەردانی بازاڕی قەیسەری بکەن و کاسبکارانیش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتی خۆیان".
ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر نزیکەی کاتژمێر 09:30 خولەی شەوی ڕابردوو کەوتەوە. بە گوتەی قائیمقامی هەولێر، تاوەکو ئێستا هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەکە ئاشکرا نەبووە، "لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کار و بەدواداچوونەکانیان بەردەوامن، هەر کاتێک دەرئەنجامەکەی دەرکەوت، بە شێوەیەکی فەرمی ڕایدەگەیەنین". ڕوونیشی کردەوە، "ئاگرەکە لەماوەیەکی زۆر کەمدا و بە هەوڵی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان کۆنترۆڵ کرا".
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ساڵی 2024، نۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری شارەکە کەوتوونەتەوە:
1. 17ی شوباتی 2024، سووتانی دووکانێک لە بازاڕی رووناکیی هەولێر.
2. 23ی شوباتی 2024، سووتانی چەند کۆگایەک لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری شاری هەولێر.
3. 27ی شوباتی 2024، سووتانی بەشێکی بازاڕی لەنگە.
4. 9ی ئازاری 2024، سووتانی کۆگایەک لە نزیک ناوچەی پپیشەسازیی باکووری شاری هەولێر.
5. 13ی ئازاری 2024، سووتانی چەند دووکانێک لە بازاڕی فەرمانبەرانی شاری هەولێر.
6. 27ی ئازاری 2024، سووتانی چوار کۆگا لە قوشتەپەی هەولێر.
7. 8ی نیسانی 2024، سووتانی ژمارەیەک دووکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر.
8. 23ی نیسانی 2024، سووتانی ژمارەیەک دووکای بازاڕی شێخەڵای هەولێر.
9. 5ی ئایاری 2024، سووتانی بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.