بناس دۆسکی: بەغدا بە بڕیاری میزاجی مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات
ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، عەقڵیەتێک لە بەغدا هەیە کە کار بە یاسا ناکات و بە ئەجێندای دەرەکی و بڕیاری میزاجی مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکان و نەوتی سپیی هەرێمی کوردستان دەکات؛ هاوکات جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان هاووڵاتیی پلە دوو نین، بەڵکو دامەزرێنەری عێراقی نوێن.
دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، بناس دۆسکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بووەتە گرفتێکی بەردەوامی ساڵانە و سەرئێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی گوتی: "شەرمەزارین بەرامبەر خەڵکی خۆمان؛ ئەو خەڵکەی دەنگیان پێ داوین و متمانەیان پێ بەخشیووین تاوەکو بەرگری لە مافە رەواکانیان بکەین، ئێمەش شەرمەزارین کە نەمانتوانیوە وەک پێویست بەرگری لەو مافانە بکەین، چونکە هێندەی هەوڵ دەدەین لەگەڵ حکوومەتی ئیتیحادی بگەینە رێککەوتنێکی تەوافوقی، هەمیشە بڕیارەکانی ئەوان لەسەر بنەمای میزاج دەدرێن، نەک لەسەر بنەمای ژمارە و داتای ورد."
بناس دۆسکی جەختی کردەوە کە پێویستە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە چاوێکی یەکسان لە تەواوی عێراق بڕوانن و گوتی: "هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاووڵاتیی پلە دوو نین، بەڵکو دامەزرێنەری عێراقی نوێن، کەچی بەداخەوە هەندێک عەقڵیەت لە بەغدا هەن کە بە ئەجێندای دەرەکی مامەڵە لەگەڵ پرسی مافەکانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و گازدا دەکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بناس دۆسکی رایگەیاند، حکوومەتی عێراق تەنیا نزیکەی 18%ی داواکارییەکەی هەرێمی کوردستانی بۆ نەوتی سپی دابین کردووە، و تەواوی ئەم پرسەی بە "بابەتێکی میزاجیی بەدەر لە دەستوور و یاسا" وەسف کرد کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما دووبارە دەبێتەوە.