سامانە سروشتییەکان: لە 7 رۆژدا دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکات

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، تەواوبوونی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ گەیشتنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغداوە نزیکەی 7 بۆ 10 رۆژی پێویستە و لەگەڵ گەیشتنیدا، راستەوخۆ لە ناوچە شاخاوییەکانەوە بە نرخی پاڵپشتیکراو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت؛ هاوکات بڕیارەکە نرخی نەوتی لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.

دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح سەید مەولوود بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی وادەی دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا، بە کوردستان24ی راگەیاند: رێکارە رۆتینی و کارگێڕییەکانی وەزارەت لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە رادەستکردنی کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەستیپێکردووە و بۆ تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە 7 بۆ 10 ڕۆژ هەیە، دوای ئەوەش کە نەوتەکە گەیشتە کۆگاکانی سەر بە وەزارەت لە پارێزگاکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان دەستبەجێ پرۆسەی دابەشکردن دەست پێ دەکات.

فەلاح سەید مەولوود ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی ناوچە شاخاوییەکان زووتر و زیاتر سەرما دەبن، لە قۆناخی یەکەمدا دابەشکردنی نەوتەکە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات، پاشان ئەوەی دەمێنێتەوە بەسەر دەوروبەر و سەنتەری شارەکاندا دابەش دەکرێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، نەوتەکە لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە نرخی پاڵپشتیکراو بە 250 دینار بۆ هەر لیترێک دابین دەکرێت، لەگەڵ هەژمارکردنی کرێی گواستنەوە و خەرجییە کارگێڕییەکان کە بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی 5 هەزار دینار دەبێت:

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەو بڕەی کە حکوومەتی عێراق بڕیاری لەسەر داوە 50 ملیۆن لیتر، تەنیا یەک لەسەر پێنجی نزیکەی 18%ی تەواوی پێداویستیی هەرێمی کوردستان دابین دەکات. هەرێمی کوردستان پێویستی بە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە تاوەکو بتوانێت بۆ وەرزی زستان یەک بەرمیل نەوت بەسەر سەرجەم خێزانەکاندا دابەش بکات.

لەوبارەیەشەوە، فەلاح سەید مەولوود ئاشکرای کرد کە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە بەردەوامی لەسەر هێڵە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق تاوەکو لە قۆناخەکانی داهاتوودا ئەم بڕە زیاد بکرێت.

بەرپرسەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەرنجی خستە سەر کاریگەریی دەستبەجێی بڕیارەکە لەسەر بازاڕ و رایگەیاند: تەنیا بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دابینکردنی نەوتەکە، لە بازاڕی ئازادی سووتەمەنیدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 40 بۆ 50 هەزار دینار دابەزیوە، و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ گەیشتن و دابەشکردنی نەوتەکە لە هەفتەی داهاتوودا، نرخەکەی هێندەی تر دابەزێت.

پێشتریش سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاندبوو کە لەسەر راسپاردەی وەزیری نەوت، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رێکارەکانی خێرا کردووە تاوەکو بە زووترین کات پشکی 50 ملیۆن لیتری هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.