عێراق.. دەست بەسەر زیاتر لە دوو هەزار تۆن گەنمی قاچاخ و خراپبوودا گیرا

K24 - هەولێر

ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی ڕایگەیاند، توانیان دەست بەسەر 14 بارهەڵگردا بگرن کە زیاتر لە 400 تۆن گەنمیان بەقاچاخ بردووە و هەروەها دەستیان بەسەر سەدان تۆن گەنمی خراپبووشدا گرتووە.

ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریی لە قاچاخچێتی بەروبوومی گەنم و لێپرسینەوە لە قاچاخچییەکان، مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانی، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری و وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر، توانیان دەست بەسەر 14 بارهەڵگردا بگرن کە زیاتر لە 400 تۆن گەنمیان هەڵگرتبوو کە بەشە خۆراکی، کەرکووک، سەلاحەددین، کەربەلا و واست بووە و شۆفێرەکانیش دەستگیر کران.

ئاماژەی بەوەش کراوە، لە پارێزگای نەجەف، بەدواداچوونیان بۆ پرۆسەی بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان کردووە، دوای پشکنین لەلایەن دەسەڵاتی پەیوەندارەوە، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر دانەوێڵە بۆیاخکراودا گرتووە، هەروەها شۆفێرەکەش دەستگیر کراوە و ڕێکارە یاساییەکانی بەرانبەر گیراوەتە بەر.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە دیالە، 343 تۆن گەنمی خراپ بوو، کە شیاو نەبووە بۆ خواردن، لە سێ کۆگای ناو قەزای بەلەدروز دەستی بەسەردا گیراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی کۆنترۆڵی بازرگانیی گواستراوەتەوە بۆ ئەوەی نەتوانرێت بخرێتە بازاڕەوە.

ڕاشیگەیاند، لە دیوانیە مەفرەزەکانمان سێ تۆمەتباریان دەستگیر کرد، کە یەکێکیان بازرگانێکی گەنمە و دوو کەسیان وەک کرێکار و فەرمانبەرێک لە بەشی کشتوکاڵی قایمقامیەت کار دەکەن بە نازناوی "پشکنەری تاقیگەیی" لەکاتێکدا خەریکی وەرگرتنی بەرتیل بوون لە بازرگانێک بۆ گۆڕینی ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی ئەو کاتە دەستگیر کران.

لە هەمان چوارچێوەدا، مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی لە ئەنبار توانیان، لە کۆگاکانی ناوچەی ئەلحامزییە، دەست بەسەر نزیکەی 1800 تۆن گەنمی خراپبوودا بگرن، ئەمەش لەکاتێکدا بووە کە دەیانویست بیگوازنەوە بۆ سایلۆی ڕومادی بۆ خستنە بازاڕ، هەروەها 35 تۆمەتباریش دەستگیر کران، ڕێکاری یاساییان بەرانبەر گیراوەتە بەر.